فلیپین په‌یوه‌ندییه ئابووری و دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان په‌ره پێده‌دات

هه‌ولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانی) ڕایگه‌یاند كه، پێویسته فلیپین به یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی خۆی له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستان‌دا بگێڕێ، ئالمه‌ر كاتۆ) هه‌ڵسوڕاوی باڵیۆزخانه‌ی فلیپین له عێراقیش ده‌ڵێ، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌ی مه‌شق و راهێنانه به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و، راشیگه‌یاند، له پاشه‌ڕۆژێكی نزیكدا كار ده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماسی له هه‌ولێر.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 9/6/2016، (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی پێشوازییكردنی له (ئالمه‌ر كاتۆ) هه‌ڵسوڕاوی باڵیۆزخانه‌ی فلیپین له عێراق، ئاماژه‌ی دا به گرینگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی ئابووری و ئه‌كادیمی و كولتووری له نێوان هه‌ردوو گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و فلیپین و، هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعشدا.
له‌و دیداره‌دا باس له پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له محوه‌ری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ كرا و به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره هه‌ڵسه‌نگێندرا، له‌وباره‌وه (ئالمه‌ر كاتۆ) رایگه‌یاند، به ناوی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستخۆشی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌تان لێده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه ئه‌وان به‌رده‌وام شتی زۆر له گه‌لی كوردستان فێر ده‌بن، به‌وه‌ی له هێڵی پێشه‌وه له‌بری هه‌مووان دژ به تیرۆریستان ده‌جه‌نگن.
(ئالمه‌ر كاتۆ) هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه فلیپین ئاماده‌ی مه‌شق و راهێنانه به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش.
له‌به‌رانبه‌ردا (مه‌سروور بارزانی) سوپاسی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه پێویسته فلیپین به یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی خۆی له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستان‌دا بگێڕێ و رایگه‌یاند، سه‌ره‌تا داعش له عێراق سه‌ریهه‌ڵدا و له سووریا گه‌شه‌ی كرد، پاشان سه‌رانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقای گرته‌وه و بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیهانی.
(مه‌سروور بارزانی) هه‌روه‌ها باسی له بارودۆخی هێلێ پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ كرد، به‌وه‌ی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی پاشه‌كشه به داعش بكات و ناوچه‌یه‌كی زۆری لێ پاك بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و چه‌كه‌ی له ده‌ست پێشمه‌رگه‌دایه وه‌ك پێویست نییه.
هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی ئابووری، ئه‌كادیمی و كولتووری له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو، له‌مڕووه‌وه هه‌ڵسوڕاوی باڵیۆزخانه‌ی فلیپین رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له پاشه‌ڕۆژێكی نزیكدا كار ده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی له هه‌ولێر.




