باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و ئوردن خوداحافیزی لە نێچیرڤان بارزانی كرد

ههولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی (بڕۆنۆ ساكۆمانی) باڵیۆزی كەنەدا بۆ عێراق و ئوردن كرد له ماوەی كاركردنی له عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە دابینكردنی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا و، دروستكردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-6-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (بڕۆنۆ ساكۆمانی) باڵیۆزی كەنەدا بۆ عێراق و ئوردن و شاندێكی یاوەری كرد، كە بە مەبەستی خواحافیزی و كۆتاییهاتنی ئهركهكهى، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی كەنەدا سەرەتا سوپاسی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد لە هاندان و هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی لە كارەكانیدا و هیوای خواست هەرێمی كوردستان پاشهڕۆژێكی گەش و ڕوونی هەبێت و، پێشمەرگەش لە شەڕی دژی تیرۆر هەردەم سەركەوتوو بێت. جەختی لەوەش كردەوە، لە پاشهڕۆژدا لە هەر شوێنێك بێت وەك دۆستێكی نزیك هاوكاریی حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستان دەكات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی لە ماوەی كاركردنی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، بەتایبەتی لە دابینكردنی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا و، دروستكردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا و هیوای سەركەوتنی لە كارە نوێكەی بۆ خواست، هەروەها دۆستایەتیی توندوتۆڵی نێوان هەردوو حكوومەت و گەلی كوردستان و كەنەدای دووپات كردەوە.
تاوتووكردنی دواپەرەسەندنەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و دابینكردنی هاوكاریی زیاتری سەربازی بۆ پێشمەرگە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




