وەزارەتی پەروەردە دەستگیرکردنی چەند قوتابی و مامۆستایەکی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە درکاندنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان ڕایگەیاند: "بە بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و مامۆستا و قوتابییەوە ٧٠ کەس زیاتریش دەستگیر و بەرکنار کراون.
لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، دەستی دەزگای دادوەری و ئاسایش خۆش بێت، بە دوای هەموو دەنگۆ و زانیارییەکدا دەچن؛ ئەگەر هەر دەنگۆ بێ و قاودەر، دەنگۆکەی پێ نەسەلمێندرێت، ئەوا کابرای دەنگۆبڵاوکەر خۆی سزا دەدرێت؛ ئەگەریش تۆمەتەکە ڕاست دەرچوو، ئەوا سەرپێچیکاران دادگایی دەکرێن.
وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیێنێت: "بەم بۆنەوە ئا لەو چەند ڕۆژەدا، وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاریی دەزگا پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوەکانی درێژە پێ دەدات و ئینجا دەیدەینە دەست یاساوە با بڕیاری خۆی بدا."
ئەوەی تا ئێستا کراوە:
١. گیرانی دوو بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە سنووری گەرمیان (کفری)ـدا؛
٢. گیرانی بەڕێوەبەرێک و یاریدەدەرەکەی و ٩ کەسی دیکە لە سنووری ڕانیەدا؛ ئێستا لە ئاسایشی ڕانیەدا دەستبەسەرن؛
٣. گیرانی بەڕێوەبەرێکی هۆڵ و دوو چاودێر لە ناوشاری هەولێردا؛ خۆی بردنەژوورەوەی مۆبایل قەدەغەیە، کەچی ئەوان سەعات ٩:٠٠ـی بەیانی بە مۆبایل وێنەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان گرتبوو دەیانەویست بینێرنە دەرەوە!
٤. گیرانی ١٥ کەس لەوانەی پڕوپاگەندەیان کردووە بۆ دەستکەوتن و فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و بازرگانیکردن بەم ناوەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێردا.
٥. بەرکنارکردنی ١٦ هۆڵبەڕێوەبەر و دروستکردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و لادانی پێنج هۆڵبەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانیان لە هەولێر.
٦. بیستوپێنج قوتابی و خوێندکار، کەرەستە و ئامرازی وەک بلوتوس و مۆبایل و ئامێری گزییان پێوە گیراوە و، بەو هۆیەوە لە سەرجەم تاقیکردنەوەکان بێبەش دەکرێن و، ئەوانەیشی ئەم کەرستانەیان بۆ دابین کردوونە دەدرێنە دادگا.
٧. چەند پەیجێکی کۆمەڵایەتی، زۆر نابەرپرسانە پڕوپاگندەی فرۆشتن و ئاشکرابوونی پرسیارەکانیان بڵاو کردەوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە داوای یاساییی لە سەریان تۆمار کردووە و، دڵنیاین چ ئەوانەی لە هەرێمدانە و چ ئەوانەیشی لە دەرەوەنە، لە ڕێگەی یاساوە بەدواداچوونی تەواویان بۆ دەکرێت و بەو تێوەگلانەوەیان سزای قورس دەدرێن و هەر کەسێکیش لەمەولا و بە هەر مەبەستێک بچێتە ئەم چوارچێوەیەوە وەزارەت بە پێی یاسا داوای یاساییی لەسەر تۆمار دەکات.




