زیاتر لە هەزار بۆمب لە میحوەری خازر پووچەڵ كرانەوە

خازر-KDP.info- فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە هێزەكانی پشتیوانیی یەك ڕایدەگەیێنێت، زیاتر لە هەزار بۆمب و سێ تونێل و تۆپێكی تیرۆریستانی داعشیان لە ماوەی 10 رۆژی ڕابردووە لەناو بردووە.
لیوا (مەحموود كاكەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیمەكانمان لە كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە هێزەكانی پشتیوانیی یەك، لە دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی 10 گوندی سنووری میحوەری خازر، بەشدار بووین و لە یەكەم رۆژیشدا واتا 29ـی مانگی ڕابردوو تا ئەمڕۆ، هەزار و پێنج بۆمب لەگەڵ شەش ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو و شەش پشتێنەی مینڕێژكراوی تیرۆریستانی داعشمان پووچەڵ كردووەتەوە و دەستیشمان بەسەر تۆپێك و شەش گوللـە تۆپی تایبەت بە خۆیدا گرتووە كە پێی دەڵێن (تۆپی جەهەننەمی)."
(كاكەیی) گوتیشى: "تا وەكو ئێستا 3 تونێلمان دۆزیونەتەوە و پشكنینمان بۆ كردوون و پووچەڵمان كردوونەتەوە، هەروەها 60كم رێگاوبانمان پاك كردووەتەوە و رۆژانەیش بەردەوامین لە سنووری میحوەری خازر لەو گوندانەی لە دوائۆپەراسیۆنی هێزەكانی پیشمەرگەدا ئازاد كران."
فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە هێزەكانی پشتیوانیی یەك، باسی لەوەیش كرد كە: "تیمەكانمان لە ماوەی 31رۆژی مانگی ڕابردوودا، (294) بۆمبی چێنراو و (2) پشتێنەی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستانی داعشمان لە سەرجەم میحوەرەكانی تری هێزەكانی پێشمەرگە پووچەڵ كردووەتەوە".
نەشوان بەرزنجی




