نێچیرڤان بارزانی خانەوادەی شەهید عەمید د. ڕزگار حەمەمین ئاغای زێ بەسەر دەكاتەوە

سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7-6-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سهرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان سەردانی خانەوادەی شەهید عەمید (د. ڕزگار حەمەمین ئاغا)ی زێ-ی كرد كە لە نەبەردی و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی كوردستاندا بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش لە میحوەری خازر شەهید بوو.
لە سەردانەكەدا سهرۆكوهزیران سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی (سوارە حەمەمین ئاغا) براگەورەی شەهید (ڕزگار) و خانەوادەكەی كرد و هیوای خواست خوای گەورە سەبوورییان بدات. هەروەها باسی لە خەبات و قوربانیدانی شەهید (ڕزگار) كرد كە وەك دكتۆرێكی پێشمەرگە هەمیشە لە سەنگەرەكانی بەرگریكردن لە كوردستان بووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بە قارەمانێتیی و قوربانیدانی خانەوادەی شەهید (ڕزگار) لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵاندا كرد كە ڕۆڵێكی كوردانەی جوامێرانەیان هەبووە بەتایبەتیش ئاماژەی بە قارەمانیەتی هەردوو شەهیدانی نەمر شەهید (فەتاح ئاغا و شەهید عەبدوڵڵا ئاغا) و دڵسۆزییان بۆ كورد و كوردستان دا. هەروەك باسی لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان خانەوادەی شەهید (ڕزگار) و شەهیدی هەمیشە زیندوو (ئیدریس بارزانی) كرد كە هەمیشە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەبووە.




