2000 خێزانە ئاوارە چوونەتەوە زوممار

هەولێر -KDP.info- د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی کە لە کۆتایی ساڵی 2015 و سەرەتای ساڵی 2016 لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە ڕێگە بە هاووڵاتییانی عەرەب نادرێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ڕایگەیاند "پاش ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بە تایبەتی لە شاری زوممار تا ئێستا نزیکەى 2000 خێزان بە کورد و عەرەبی ناوچەکەوە لە مووسڵ یان لە وڵاتى سووریا گەڕاونەتەوە و لە ناوچەکەدا نیشتەجێ کراون".
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەتوە هێزە ئەمنییەکان نەک ڕێگری ناکەن لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بەڵکو هاوکاریشن بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی هیچ گومانێک یان مەترسییەکی ئەمنییان لەسەر نییە؛ زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە پاش ئەوەی لەلایەن هەندێک کەسەوە داوایان لێ دەکرێت کە یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی ئەندامانى خێزانەکانیان لە مووسڵ یان لە وڵاتى سووریاوە بگەڕێنەوە ناوچەکە هاوکاری دەکرێن و دواى وەرگرتنی ڕەزامەندیى دەزگا ئەمنیەکان و هێزى پێشمەرگە ئەو کەسانەى کە تێبینیى ئەمنییان لەسەر نەبێت لە ناوچەکە نیشتەجێ دەکرێن؛ بۆ نموونە لە 6/9/2015وە تاوەکو 12/5/2016 نزیکەی 128 خێزان کە لە مووسڵ و لە سووریاوە هاتوونەتەوە لە ڕێگاى هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی دەوروبەری زوممار نیشتەجێ کراون و، بەشێکیشیان چوونە بۆ پارێزگاى دهۆک و هەولێر و سلێمانى و لەوێدا نیشتەجێ بوونە."
د. دیندار زێباری ڕاشیگەیاند: "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا دەستیان تێکەڵ کردووە و تێوەگلاون و، لەو سەرەتاوە ناوچەکەیان بەجێ هێشتووە، ئێستا گەڕانەوەیان ئەستەمە؛ لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە تازەئازادکراوەکان بە شێوەیەکی گشتی ناچار کرابوون کە ناوچەکەیان جێ بهێڵن و بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بڕۆن و، دوای ڕۆشتنیان بۆ ئەو ناوچانە داعش وەک قەڵغانێک بەکاریان دەهێنێت."
زێباری لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "بهشێک لەو هاووڵاتییە عهرهبانهى له زوممار نیشتهجێن له گوندهكانى دهوروبهرى زوممار ماڵ و شوێنى نیشتهجێبونیان هەبووە و بە هەمان شێوەی کوردەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی مەترسی مین و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست خۆیان نایانهوێت بگهڕێنهوە. بەشێکی دیکەش لە خەڵکەکە ئارهزوو دهكهن بگهڕێنهوه بۆ ئهو شوێنانهى كه ئازاد كراون بهڵام لە ترسی پەلاماری داعش، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.




