نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات.. بەرنامە و ئەجێندای خۆی هەیە

سلێمانی-KDP.info- بڕیارە پاش كەمێكی دیكە (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك بگاتە شاری سلێمانی و یەكەم وێستگەی سەردانەكەیشی كۆبوونەوەیە لەگەڵ كاربەدەستانی پارتیدا.
(فارس نەوڕۆڵی)، گۆتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە پاش كەمێكی دیكە (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بگاتە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و ئێمەیش ئامادەكاریمان كردووە وەك ئەنجوومەن بۆ پێشوازی لە كاك (نێچیرڤان بارزانی)".
لەبارەی ئامانجی سەردانەكەی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ شاری سلێمانی، (نەوڕۆڵی) گوتی: "ئێمە ئاگاداری نێوەڕۆكی سەردانەكەی (نێچیرڤان بارزانی) نین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای سلێمانیی پارتیمان كۆ دەبێتەوە و بەرنامە و ئەجێندای خۆی هەیە و لەو كۆبوونەوەیەدا ئاشكرای دەكات".
قائید میرۆ




