٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"مەرجی بەغدا بیانووە.. بڕیارە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دانانی مەرج بۆ هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی پشكەكەی لە قەرزی نێودەوڵەتی، بیانووە، گەرنا هیچ پەیوەندی بە بوودجە و نەوتەوە نییە و هەرێم تاوەكو ئێستایش بەشێكە لە عێراق، بۆیە تاوەكو لەگەڵ ئەوان بین پێویستە پشكی هەرێم بدەن.

حاكم (سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدادا لەبارەی بوودجەوە هەیە، بەڵام پێدانی قەرزی نێودەوڵەتی بە عێراق، پەیوەندی بەوەوە نییە و پێویستە پشكی هەرێمی كوردستان بدەن، لەبەر ئەوەی هەرێم بەشێكە لە عێراق و، ئەو قەرزەیش بۆ هەموو عێراقە نەك تەنیا هەندێك پارێزگا، بۆیە دانانی مەرج بیانووە بۆ ئەوەی نەیدەن".

(سلێڤانەیی) گوتیشی: "وەكو چۆن بەغدا یاسای بوودجەی گشتیی عێراق ماوەی چەند ساڵێكە پێشێل دەكات و پشكی هەرێمی كوردستان نادات، پێم وا نییە پشكی هەرێم لە قەرزی نێودەوڵەتییش بدات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆ لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانەوە بكەن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدادا، بەڵام تاوەكو ئێستا رۆژەكەی دیار نییە".

ئەمەیش لە كاتێكدایە، بڕیارە ٢٠ملیار دۆلار وەكو قەرزی نێودەوڵەتی بدرێت بە عێراق، بەڵام بەغدا مەرجی ئەوەی داناوە كە پێویستە هەرێم رۆژانە ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوت رادەستی ئەوان بكات تاوەكو پشكی هەرێم لەو قەرزە بدەن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار