٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، گرینگیی زیاتر بە پێشمەرگە و كورد دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، تێڕوانینی كاندیدەكانی ئێستا بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئەمەریكا جیاوازە لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێستادا، چونكە بۆچوونیان سەبارەت بە پێشمەرگە و كورد زۆر باشە و لەگەڵ ئەوەدان چەك و تەقەمەنی بە شێوەی راستەوخۆ بدرێتە پێشمەرگە، بۆیە هەر یەك لە كاندیدەكان سەركەوتوو بن، گرینگیی زیاتر بە كورد دەدەن.

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین (د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەردوو كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا (رۆناڵد ترامب) و (هیلاری كلینتۆ) دیدگایەكی باشیان سەبارەت بە پێشمەرگە هەیە، بە تایبەت (ترامب) لە بانگەشەكانیدا باسی لەوە كردووە كە پێویستە ئێمە بە شێوەیەكی راستەوخۆ چەك و تەقەمەنی بدەینە پێشمەرگە و، هێزی پێشمەرگەیە هاوپەیمانی ئێمە و شەڕی داعش دەكات و، ئەگەر ئێمەیش لە رێگەی شیعەكانەوە هاوكارییان بكەین، ئەم سیاسەتە هەڵەیە و، باسی لەوەیش كردووە ئەگەر پۆستی سەرۆككۆمار وەربگرێت، راستەوخۆ چەك و تەقەمەنی دەداتە پێشمەرگە و پاڵپشتی لە كورد دەكات".

(مەلاعومەر) گوتیشی: "كاندیدەكەی دیكەیش (هیلاری) بە شێوەیەكی ئیجابی باسی پێشمەرگەی كردووە و دەیەوێ زیاتر تەداخول بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بۆیە لە داهاتوودا هەر یەكێك لەوانە ببنە سەرۆككۆمار، گرینگیی زیاتر بە كورد دەدەن".

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، ئەو دوو كاندیدەكە بڕوایان وایە كە پێویستە بە شێوەیەكی توندتر ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و تارادەیەك سیاسەتی ئەوان جیاوازی هەیە لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێستادا، لەبەر ئەوەی ئەو پێی وایە پێویستە دەستوەردانەكان لە شەڕی داعش سنووردار بن، بە پێچەوانەی كاندیدەكانی ئێستا، چونكە ئەوان پێیان وایە پێویستە بە شێوەیەكی زیاتر لە ڕووی سەربازییەوە دەست وەربدەنە كاروبارەكان".

زیاتر گوتی: "ستراتیژی داهاتووی ئەمەریكا ئەوە دەبێت كە هێزی سەربازی لە عێراق زیاتر بكات، لەبەر ئەوەی كاندیدە نوێیەكان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕان، ئەمەیش نەك تەنیا لەبەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵكو بۆ هەر مەبەستێكی دیكە بێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار