محەمەد كەمال: پڕۆژە پێشنیاركراوەكەی پارێزگار رەتدەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی پڕۆژە پێشنیاركراوەكەی پارێزگاری كەركووك بۆ دابڕكردنی كەركووك لە عێراق و مانەوەی وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ رایگەیاند و دووپاتی كردەوە، پارتی لەگەل گەڕانەوەی كەركووكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، دژی ئەو پڕۆژەی پارێزگاری كەركووكین گوایە بکرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ، چونكە دەبێت كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا مافی خەڵك و پێكهاتەكانی كەركووك پارێزراو بێت، ئەوەی پێشنیار كراوە لەگەڵ واقع و یاسادا ناگونجێت."
كەمال ڕاشیگەیاند: "ئەگەر پڕۆژەكەی دكتۆر نەجمەدین باسی كردووە لە قۆناغی یەكەمدا كەركووك لە بەغدا ببڕێت و نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستانیش، ئەی كێ ئیستیحقاقاتە ئەمنی و داراییەکانی لەئەستوو دەگرێت؟! خۆی ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبووایە ڕەوشی كەركووك لە مووسڵ و شارەكانی تری عێراق خراپتر دەبوو؛ پارتی لەگەڵ گەڕانەوەی كەركووكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان."
قائید میرۆ




