سهرۆكوهزیران: مامۆستایان نهیانهێشت پڕۆسهی خوێندن بوهستێ.. به لای ههرێمی كوردستانهوه بهغدا قووڵایی ستراتیژی ههیه

ههولێر-KDP.info- وێڕای ئهوپهڕی پێزانینی له خۆڕاگریی مامۆستایان له درێژهدان به پڕۆسهی خوێنهن له ههرێمی كوردستاندا، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، به لای ههرێمی كوردستانهوه بهغدا قووڵایی ستراتیژی ههیه، ههرێم هیچ دهفرهتێك لهدهست نادا كه كێشهكانی خۆی لهگهڵ بهغدادا جاره بكات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-6-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریى وەزیری پەروەردە و پارێزگاری هەولێر سەردانی هۆڵەكانی خوولی یەكەمی ئەزموونە گشتییەكانی وەزاریی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە قوتابخانەی هیممەتی شاری هەولێر كرد.
لە سەردانەكەدا سەرۆكوەزیران لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی قوتابیان و هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بوو و هیوای سەركەوتنی بۆ قوتابیان خواست و دەستخۆشی لە مامۆستایان كرد لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان.
دواتر لە وتەیەكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەڕێز سەرۆكوەزیران خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریكردن و لە نزیكەوە ئاگاداربوونی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی گشتیی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەربڕی و سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد بۆ ئەم داوەتكردنە. بەسەركردنەوەكەشی بۆ دوو مەبەست گەڕاندەوە، یەكەمیان پیرۆزباییكردنە لە قوتابیان و خوێندكارانی كوردستان كە بۆ ئەوان ڕۆژێكی میژوویی و گرنگە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. هەروەها سوپاسی كەسوكاری قوتابیانی كرد كە ماندووبوونێكی زۆریان بە ڕۆڵەكانیانەوە كێشاوە تا گەیشتوونەتە ئەو قۆناغە و جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگییان پێدەدات چونكە نەوەی ئایندەن و لە پاشەڕۆژدا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، هەر وڵاتێكیش بخوازێت سەركەوێت ڕۆڵەكانی بە زانست و خوێندن پڕچەك دەكات.
(نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوەش دا، كە مەبەستی دووەمی بەسەركردنەوەكەی دەستخۆشی و سوپاسكردنی مامۆستایانی بەرێزە كە هیچ وتەیەك نییە سوپاسكردنى ئهوانى پێ دهربڕێت، چونكە ساڵی 1991 كە بارودۆخی ئابووری زۆر خراپ بوو و ئێستایش كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی قورسی دارایی بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو قەیرانە بارگرانییەكی زۆری بۆ ئەوان دروست كردووە، بەڵام ڕێگەیان نەدا پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بوەستێت و دڵنیای كردنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەو و ڕۆژ لە هەوڵدایە ئەو قەیرانە داراییە تێبپەڕێنێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، گەشبینیی خۆیشی دەربڕی كه بارودۆخهكە بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێت.
(نێچیرڤان بارزانی) ههروهها دەستخۆشی لە وەزیر و ستافی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری خەمخۆریی ئەوانە بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان قوناغی باشتر ببڕێت و، پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیان و خوێندكاران كرد بەبۆنەی دەستپێكردنی ئەزموونە گشتییەكان.
دواتر لە وەڵامی ڕۆژنامەواناندا و سەبارەت بە كەمیی بینایەی قوتابخانەكان، ئاماژەی بەوەدا كە كێشەی كەمیی بیناى قوتابخانە دوای ساڵی 2003 زیاتر بوو، چونكە خەڵك بە شێوەیەكی فراوانتر ڕووی لە خوێندن كرد، حكوومەتیش پلانی هەبوو كە بتوانێت بە خێرایی هەندێك قوتابخانە دروست بكات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی پلانەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، هەوڵەكانیش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەردەوامن. ئەوەشی بیرهێنایەوە ماوەیەك لەمەوبەر بەشداریی ڕێوڕەسمێكی كردنەوەی قوتابخانەیەكیان كردووە كە لەلایەن خێرخوازێكەوە دروستكراوە و داوای لەو كەسانە كرد كە لە توانایاندایه لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت قوتابخانە دروست بكەن بۆ ئەوەی بە هاوكاریی ئەوان بتوانن كێشەی كەمیی بیناى قوتابخانەكان كەمتر بكەنەوە.
خۆشحاڵیی خۆیشی بەوە نیشان دا كە ژمارەیەكی زۆری چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی لەناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بینیوە كە مەبەستیانە خوێندن تەواو بكەن و خزمەتی وڵاتهكهیان بكەن. سەبارەت بە دامەزراندنی ئەوانەی كە خوێندن تەواو دەكەن، سەرۆكوەزیران ئاشكرای كرد حكوومەت ناتوانێت هەموو ئەو كەسانە دامەزرێنێت كە خوێندن تەواو دەكەن، بۆیە پێویستە چارەسەرێكی دیكە بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە و كەرتی تایبەت لەمبارەوە هاوكار بێت و خۆفێركردن و خۆپێگەیاندن لە هەرێمی كوردستان پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی دەزگاكانی حكوومەت كار بكەن.
ههر له وهڵامى ڕۆژنامهنووساندا و دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، سهرۆكوهزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو پرەنسیپەیە كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێت و، بەغدا بۆ هەرێم ئەولەویەتە و ناوەندی ستراتیژییە بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ دەرفەتێكیش لەدەست نادەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ڕەتیشی كردەوە لەم نزیكانە هیچ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام دەكرێت شاندێكی لایەنە سیاسییەكان سەردانی بەغدا بكات و تا ئێستا وادەی سەردانەكە دیاری نەكراوە.
سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاشكرای كرد كە ئەوە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە و هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەمبارەیەوە ڕاگەیەنراوە.
دەربارەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوە دا كە داوەتی فەرمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و داوەتەكە قبهووڵ كراوە، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیاری نەكراوە و ئێستا لەلایەن تیمی هەرێمی كوردستان و ئێرانهوه كار بۆ ئەنجامدانی سەردانەكە دەكرێت.





