٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ده‌ستگیركردنی گرووپێکی تیرۆریستی داعش لە شاری کەرکووک راگه‌یاند، كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ جه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستیدا.


له‌ پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی كه‌ركووك و هه‌ولێر، گرووپێکی تیرۆریستی داعش لە شاری کەرکووک دەستگیر كرا، کە بەپێی دانپێدانانەکانیان، چەندین کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە و پیلانی کردەوەی دیکەشیان هەبووە.

ئەم گرووپە تیرۆریستییەی داعش، لە رێکەوتی ٥/٥/٢٠١٤ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لە بەردەم چێشتخانەی (جنە العراق) لە قەزای (دوز) تەقاندۆتەوە، لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا، بۆمبێکی چێندراویان لە رێگەی (کەرکووک/ بەغداد) تەقاندۆتەوە. لە رێکەوتی١٠/٢/٢٠١٦ لە شەقامی (عبدالرحمان)ـی گەڕەکی “واحد حوزیران”ــی کەرکووک، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان تەقاندۆتەوە. لە رێکەوتی ١٠/٣/٢٠١٦ لە هەمان گەڕەک، ئۆتۆمبێلێکی دیکەیان بە دەورییەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووکدا تەقاندۆتەوە.

هەردوو تیرۆریست (طارق حبیب محمد عبداللە الزبیدی) و (شهاب احمد لفتە مخلف العبیدی) لە ١٥/٤/٢٠١٦ بە دەمانچەی بێدەنگ هەستاون بە تیرۆرکردنی (فائق فخری رغیان) پێشنوێژی مزگەوتی (اهل ‌صفە)ی شاری کەرکووک لەوکاتەی بۆ نوێژی بەیانی چووەتە مزگەوت.

تیرۆریست (وطبان محمد خلف سلیمان الجبوری) کە پیشەی پارێزەر بووە، پارێزەری دوو تیرۆریستی زیندانیکراو بووە و بە ڕێگەی نایاسایی تیرۆریستەکانی ئازاد کردوون، دواتر هەر لە رێگەی ئەو دوو تیرۆریستە ئازادکراوەوە چووەتە (حەویجە) و بەیعەتی بە داعش داوە و وەک پارێزەر کاری کردووە بۆ ئازادکردنی تیرۆریستە زیندانیکراوەکانی داعش لە کەرکووک.

تیرۆریست (جاسم احمد محمد ذیاب العبیدی) چووەتە (حەویجە و ریاز) و لەلایەن داعشەوە راهێنانی سەربازی و هەواڵگری پێکراوە، دواتر لەگەڵ تیرۆریست (وطبان) لە کەرکووک هەماهەنگیان کردووە و ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و هەماهەنگی بووە لەنیوان تیرۆریستانی زیندانیکراو و تیرۆریستانی داعش لە حەویجە.

لەکاتێکدا ئەم گرووپە ئامادەکارییان کردبوو بۆ کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیر کران و دەست بەسەر دەمانچەیەکی بێدەنگ و دوو بۆمبی دەبابە و دوو عبووە و چەندین کەپسوولی TNTـییدا گیرا وم پیلانەکانیان پووچەڵ کرایەوە.

 


ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار