نێچیرڤان بارزانی: پارتی، یەكێتی بە هاوپەیمانی سەرهكیی خۆی دەزانێت

ههولێر-KDP.info- له چلویەكەم ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە هاوپەیمان و هاوخەباتی سەرەكیی خۆی دەزانێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 31-5-2016 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و وەزیر و پەرلەمانتارانی بەغدا و هەولێر و كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری كادر و لایەنگر و هەوادارانی، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمێك بۆ چلویەكەم ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی لە گرینگیی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و خەباتی لەپێناو مافەكانی گەلی كورد كرد و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی و هەموو ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی یەكێتی كرد و دروودی بۆ شەهیدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد كە بۆ كوردستان بوونە قوربانی و تا ئێستاش بەرەوامن لە قوربانیدان.
دواتر (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە مێژووی هاوخەباتی و پێكەوەیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كرد كە هەرچەند هەندێك جار هەوراز و نشێوی و كێشە و شەڕی تێكەوتووە، بەڵام توانیویانە پێكەوە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان دەستكەوتی گرنگ بۆ ئەم وڵاتە بەدست بهێنن. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی ئاماژەی بەوە داوە كە پێویستە هەردوولا بەرگەی یەكتری بگرن و باری یەكتری هەڵگرن.
لە لایەكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكوەزیران باسی لە قۆناغەكانی هاوخەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەستكەوتەكانی هاوخەباتی ئەو دوو هێزە كرد وەك ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداریی كاریگەریان لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی لەگەڵ هەموو هێزە عێراقییە هاوپەیمانەكان و كاریگەریی هەردوو بەرێزان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و عێراقی نوێ. هەروەها باسی كاریگەریی دووركەوتنەوەی بەرێز جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عێراق و ئەو بۆشاییەی كە بەوهۆیەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروستبووە، كرد.
لە باسی حیكمەتی بەڕێز جەلال تاڵەبانیشدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی دا، ئەو كێشانەی كە دەهاتە پێش چ لە كوردستان یان لە عێراق، مام جەلال بە حیكمەتی خۆی هەوڵی دەدا كێشەكان چارەسەر بكات و بە هیچ شێوەیەك دەرفەتی ئەوەی نەدەدا كێشەكان گەورە ببن و لایەنگری دیالۆگ بوو و زۆر كات ئەوپەڕی نەرمی دەنواند كە دەبووە جێگەی ڕەخنە و گلەیی هاوكارانی لەناو یەكێتی.
لە كۆتایی قسەكانیدا جیا لە دووبارە پیرۆزكردنی چلویەكەم ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە هاوپەیمان و هاوخەباتی سەرەكیی خۆی دەزانێت.
دەقی وتەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان:
ئێوارەتان باش...
سەرەتا دەمەوێ لە قسەكانی بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستپێبكەم كە باسی لە چۆنیەتیی دروستكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد لە دوای نسكۆی ساڵی 1975. پێم وایە و ئەوەی لای ئێمە دیار و ئاشكرایە، لەو كاتەدا دروستبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەكو پێویستییەك هاتە گۆڕەپانی خەبات و هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە لەپێناو مافەكانی گەلی كورد خەباتی كرد. ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم گەرمترین پیرۆزباییی خۆم و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پارتی بگەیەنم بە جەنابی بەڕێز مام جەلال و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەو حزبە كە لەپێناو كورد و دەستكەوتهكانى و پاراستنی گەلەكەمان خەباتیان كردووە و خوێنیان داوە و زەحمەتیان كێشاوە. سڵاو و دروودیان بۆ دەنێرم.
دروود بۆ ئەو شەهیدانەی كە لەم پێناوەدا گیانی خۆیان كرد بە فیدا بۆ كوردستان. دروود بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی یەكێتیی نیشتمانی كە لەپێناو كوردستان خەباتیان كرد و كاریان كرد و تا ئێستاش بەردەوامن. ئەگەر ئێمە ئاوڕێك لە مێژووی هاوخەباتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بدەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم دوو هێزە پێكەوە توانیویانە چەند دەستكەوتێكی گرنگ بۆ ئەم وڵاتە بەدست بهێنن. ڕاستە مێژووی یەكێتی و پارتی هەندێك جار هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و كێشەی تێكەوتووە و هەندێك جار زۆر بەداخەوە شەڕیش ڕوویداوە، بەڵام ئەمانە هەمووی وایانكردووە لە پرۆسەیەكی زۆر هێمنانەدا و وردە وردە لێكگەیشتنێكی باش لەنێوان ئەم دوو هێزە لە كوردستاندا دروست ببێت.
جارێكیان لە كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتیدا بە برایانی یەكێتیم گوت، دەبێت هەندێك جار ئێوە تەحەمولی ئێمە بكەن و باری ئێمە هەڵگرن و هەندێك جاریش دەبێت ئێمە باری ئێوە هەڵگرین، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە هاوپەیمان و هاوخەباتی یەكترین، ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستمان هاتووە، لە ئەنجامی هاوكاری و هاوخەباتی و پێكەوەبوونی یەكێتیی نیشتمانی و پارتی و هەموو هێزەكانی دیكەی بەشدار لەگەڵ ئێمەیە.
هێزەكانی دیكەی كوردستانیش ڕۆڵی سەرەكییان بینیوە هەر لە دەستپێكردنی سەرهەڵدانی ساڵی 1991 لەگەڵ ئەم دوو هێزە بوون، بەڵام زیاتر تەركیز لەسەر پارتی و یەكێتی بوو. ئەگەر سەیری ئەو قۆناغانە بكەین كە پێكەوە تیایدا بڕیارمان داوە، پێكەوە بڕیارمان دا لەسەرتای ساڵی 1991ەوە هەوڵ بدەین سەرهەڵدان بكەین و گەلی كورد لە كوردستان پشتیوانی كردین و لەگەڵ هێزەكانی تر جێبەجێمان كرد.
لە قۆناغی دیكەدا پێكەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان دامەزراند و بە بڕیار یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان كرد. ناخۆشی كەوتە ناو هەردوو هێز، بەڵام دوای ئەوە پێكەوە لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی فیدرال دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام بەشداریمان كرد و پێش ڕووخانیش هاوكارییەكی تەواومان كرد بۆ ڕووخاندنی ڕژێم بە هاوكاریی هێزە سیاسییەكانی تری عێراقی كە هاوپەیمان بوون لەگەڵ ئێمە و توانیمان ئەو دەستكەوتانە بەدەست بهێنین. جەنابی سەرۆك مام جەلال، جەنابی كاك مەسعوود ڕۆڵێكی باڵا و سەرەكییان لە داڕشتنەوەی عێراقی نوێ و دهستووری نوێی عێراقدا بینی.
هەروەك كاكە قوباد لە قسەكانی خۆیدا باسی كرد، ئێمە وەكو كورد شەرەفمەند بووین بەوەی كە یەكەم كورد ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق، هەر ئەوەندەش نا، ئەمڕۆ غیابی مام جەلال كە نەخۆشە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ دەخوازین، نەك تەنیا هێزیە كوردییەكان، بەڵكوو ههموو هێزە عێراقییەكانیش هەست بەوە دەكەن كە غیابی مام جەلال چ بۆشاییەكی گەورەی لە هەموو عێراقدا جێهێشتووە.
ئەو كێشانەی كە دەهاتە پێش چ لە كوردستان یان لە عێراق، مام جەلال بە حیكمەتی خۆی هەوڵی دەدا كێشەكان چارەسەر بكات، بە هیچ شێوەیەك دەرفەتی ئەوەی نەدەدا كێشەكان گەورە ببن، هەمیشە پشتگیریی ئەوە بوو كە دەبێت دیالۆگ هەبێت و لە زۆر شتەكانیشدا ئەوپەڕی نەرمی دەنواند كە زۆر جار هاوكارانی لەناو حزب گلەیی و ڕەخنەیان لێ دەگرت. بیروبۆچوونی گەورەی مام جەلال و وردبینیی ئەو لە كارەكان و ئەو دووربینییەی كە ئەو بۆ پاشەڕۆژ هەیبوو چ لە كوردستان یان لە عێراق زۆر گرنگ و پڕبەها بوون، ئەمڕۆ دەبینین كە چەند بۆشاییەكی گەورە دروستبووە لە غیابی ئەودا.
من دەمەوەێ دووپاتی بكەمەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانی بە هاوپەیمانی سەرەكیی خۆی دەزانیت و لەگەڵ هێزەكانی دیكەی كوردستان بە هاوخەباتی خۆی دەزانێت. لەم ڕۆژەدا لە چل و یەكەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ئەم حزبە تێكۆشەرەدا، دیسانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەركردایەتی و كادر و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەواداران و لایەنگرانی یەكێتی دەكەین و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین. دیسانەوە سڵاو دروود و خۆشەویستیی خۆمان بۆ جەنابی مام جەلال دووپات دەكەینەوە و هیوادارین كە بە تەندروستییەكی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان.
ئێوەش هەموولایەكتان بەخێربێن و سەركەوتوو بن.
زۆر سوپاس.




