رواندز.. كەرنەڤاڵی "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم" بەرێوە دەچێت

ڕواندز-KDP.info- بە مەبەستی پشتگیریكردن لە كەرنەڤاڵی "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم"، قایمقامی شارۆچكەی رواندز بە هاوكاریی فەرمانگە حكوومییەكانی شارەكە و خەڵكی ناوچەكە، ئەمڕۆ سەعات 4ـی ئێوارە كەرنەڤاڵێكی جەماوەری ساز دەكات.
(سیروان رۆژبەیانی) قایمقامی شارۆچكەی رواندز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك هەوڵێك بۆ پشتیوانیی لە هەڵمەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پشتیوانكردنی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی یەكە كارگێڕییەكانی شارەكە، لەناو شاردا كەرنەڤاڵێكی جەماوەری ڕێك دەخەین و سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانیش بانگهێشتی ئەو مەراسیمە كراون".
(رۆژبەیانی) گوتیشی: "بەشداریكردنی چینوتوێژەكان لە كەرنەڤاڵەكەدا، ڕیزگرتنە لە خوێنی شەهیدان و ئاواتەكانیان، بۆیە داوا دەكەین هەموو لایەك بەشدار بن".
دەشڵێت: "بە شێوەیەكی خۆویسانە، شێخ و ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی كە ئاوارەی كوردستان بوون و لە ڕواندز نیشتەجێ بوون، بەشداری دەكەن، چونكە وەك خۆیان دەڵێن، مانەوە و قورسایی ئەوان لەگەڵ كوردستانێكی سەربەخۆدایە".
ڕابین شێروانی




