پێشمەرگە لە خازردا 100 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دی لە تیرۆریستان پاک کردەوە..10 گوند ئازاد کران و زیاتر لە 140 تیرۆریست کوژران

خازر-KDP.info- لە ڕاگەیێندراوی سەربازیی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی گوندەکانی میحوەری خازرهاتووە" لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەشێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان بە پانتایی 100 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاك كرایەوە و 10 گوندی خوشك و برایانی برایانی کاکەیی و شەبەك ئازاد کران. لەو داستانەدا دوژمن زیانێکی زۆری بەرکەوت و زیاتر لە 140 تیرۆریست کوژران و 16 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆمبڕێژکراویان تەقێندرانەوە."
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ـی٥ـی٢٠١٦ هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەركەوتنێكی قارەمانانەیان تۆمار کرد و بە مەبەستی ئازادكردنی گوندەكانی میحوەری خازر لە ئۆپڕاسیۆنێكی بەرفراواندا هێرشیان کردە سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژئاوای زێی گەورە، هەر لە سنووری گوندی حەسەن شامەوە و تا دەگاتە گوندی وەردەک و زەبرێكی گەورەیان لە دوژمن دا و پێشمەرگە بە سەركەوتوویی ئامانجەكانی خۆی لەو ئۆپڕاسیۆنەدا بەدەست هێنا.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەشێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان بە پانتایی 100 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاك كرایەوە و 10 گوندی خوشك و برایانی برایانی کاکەیی و شەبەك ئازاد کران. لەو داستانەدا دوژمن زیانێکی زۆری بەرکەوت و زیاتر لە 140 تیرۆریست کوژران و 16 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆمبڕێژکراویان تەقێندرانەوە.
سەركەوتن و شكاندنی دوژمن بێ قوربانیدان نابێ و بە خوێنی پاکی چەند شەهیدێک و ژمارەیەک بریندار ئەم سەرکەوتنە مەزنەی بەرەی خازر تۆمارکرا. لێرەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین. بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە دەستخۆشی لە فەرماندە و یەك یەكەی پێشمەرگە و هێزە بەشداربووەكانی ئەو داستانە دەكەین بە تایبەت فەرماندەیی میحوەری خازر، فەرماندەیی زێرەڤانی، فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەک، لەشکری تایبەتی یەک و لەشكری تایبەتی گوڵان، فەرماندەیی دهۆک، لیوای پاراستنی سامانە سرووشتییەکان و هێزه خۆبەخشەكانی میحوەری خازر. بە پێویستی دەزانین سوپاسی هێزی هاوپەیمانان بكەین كە لە ڕێگەی پاڵپشتیی ئاسمانی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون لە مسۆگەركردنی سەركەوتن و تێكشكاندنی تیرۆریستان.
ئەم سەرکەوتنە درێژكراوەی سەركەوتنەكانی تری هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی هەموو بستێكی خاكی كوردستان و بە دڵنیاییەوە هیچ هێزێک ناتوانێ بەرگەی ئیرادەی پۆڵایین و گیانفیدایی پێشمەرگە بگرێت. پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە گەلی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەکەین.
بژی كوردستان بژی پێشـمەرگە
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان
30ـی 5ـی 2016




