کۆنفرانسی پلانی سێ ساڵەی حکوومەت بۆ ریفۆرمی ئابووری دەستیپێکرد

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گرووپی بانکی نێودەوڵەتی، کۆنفرانسی ریفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا لە پێناو بووژانەوەی گشتی و پاراستنی چینی هەژاران، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا دەستیپێکرد.
(عەلی سندی) وەزیری پلاندانان لە گوتارێکدا لە سەرەتای رێوڕەسمەکە باسی هۆکارەکانی قەیرانی دارایی کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق ، شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەکان و دابەزینی نرخی نەوت چەند هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان".
(سندی) لە سێ خاڵدا باسی نەخشە رێگاکەی کرد کە بریتی بوون لە مێژوو و ناوەڕۆک و داهاتووی پلانەکە و رایگەیاند کە: "پلانەکە پشتی بەستووە بە 45 راپۆرت و توێژینەوە زانستی".
وەزیری پلاندان گوتی: "لە10-3-2013 وەزارەتی پلاندان و بانکی نێودەوڵەتی رێکەوتنێکیان واژۆکرد و بانکی نێودەوڵتی دەستیکرد بە پێشکەشکردنی یارمەتی تەکنیکی راستەوخۆ بە هەرێمی کوردستان".




