دزەیی: بەدوای سەرچاوەی دیکەی دارایی و دۆزینەوەی ڕێگای نوێی پیشەسازی نەوتدا دەگەڕێین

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا بەدوای سەرچاوەی دیکەی دارایی و دۆزینەوەی ڕێگای نوێی پیشەسازی نەوتدا دەگەڕێین لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادە بێت ڕێککەوتنامەیەکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببەستێت، ئێمەش ئامادەییمان هەیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ناشناڵ ئینتێریستی ئەمریکی، (سەفین دزەیی) وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، توانایەکى بەهێز هەیە بۆ دۆزینەوەی کڕیاری زیاتری نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت حکوومەتی هەرێم زیاتر گەشەی پێبدات، ئەمە ڕوانگەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ کۆمپانیا نێوەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لە کوردستانن و خەریکی وەبەرهێنانی گەورەن لەو بوارەدا.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا بەدوای سەرچاوەی دیکەی دارایی و دۆزینەوەی ڕێگای نوێی پیشەسازی نەوتدا دەگەڕێین لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادە بێت ڕێککەوتنامەیەکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببەستێت، ئێمەش ئامادەییمان هەیە.
(دزەیی) روونیشیکردەوە، ڕاستە بەهۆی شەڕی داعش و ناسەقامگیریی ئەمنیی عێراقەوە، چەند جارێک وەستان لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا ڕوویداوە بەڵام ئیمکانییەتی زۆر هەیە و ڕوانگەی سەرۆکی حکوومەتیش بۆ نەوت و سیاسەتی وزە بە ئاراستەیەکی دروستە.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، کە 97%ی بودجەی عێراق لەسەر نەوتە و بودجەی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی گشتی لەسەر نەوت وەستاوە، بەڵام شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، هەولێری ناچار کرد بە دوای سەرچاوەی دیکەی ئابووریدا بگەڕێت، ئەگەرچی لە باردۆخی ئاساییدا، ئێمە لەگەڵ پیشەسازیی نەوتدا، پەرە بە پێشەسازیی کشتوکاڵ و گەشتیاری دەدەین.
حکوومەتی بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمی 2014ەوە بە بڕیاری (نوری مالیکی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی سەختی ئابووریدایە، کە جگە لە قەیرانە سیاسییەکان و شەڕی داعش، بارودۆخی ئابووریی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو کردووە. لەو بارەیەوە، (سەفین دزەیی) وتی: کاتێک بەغدا ڕێککەوتنامەی پێشێل کرد لە سەر ناردنی 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوە پاڵنەر بوو کە هەرێمی کوردستان خۆی ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشێت، فرۆشتنی نەوتی حکوومەتی هەرێم یاسایی و دەستورییە، بەتایبەت لە ئێستادا کە بەغدا بێبەشمان دەکات لە مافەکانی خۆمان لە بودجەی گشتیی عیراق. "حاڵەتێکی ئاساییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە 1500 پێشمەرگەی شەهیدی شەڕی داعش و برینداربوونی هەشت هەزاری دیکە و 1.5 ملیۆن ئاوارەوە پێویستە بە دوای دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئابووریدا بێت"،( سەفین دزەیی) وای وت.
ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند گفتوگۆیەکی لەگەڵ حکوومەتی بەغدا ئەنجامدا بەوەی ڕۆژانەی 550 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق ڕێژەی 17% ی بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات. بەڵام وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادە بێت ڕێککەوتنامەیەکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ببەستێت، ئێمەش ئامادەییمان هەیە. (سەفین دزەیی) ڕاشیگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن بۆ ناچارکردنی بەغدا بۆ ڕێککەوتنمایەکی نوێ لەگەڵ هەولێر و بابەتی سەرەکی لە کۆتاییدا گرنگیی پشتیوانی حکوومەتی هەێمە لە ڕووی ئابوورییەوە کە بەشێکی سەرەکیی شەڕی دژە داعشە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەشەوە شوێنی حەوانەوەی ئاوارەکانە.
ئەگەرچی لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لەگەڵ تورکیا پیشەسازیی نەوتی خستۆتەگەڕ و لە ڕێگای تورکیاوە نەوتەکەی دەگەیەنێتە بازاڕی جیهانی، بەڵام بە وتەی وتەبێژی حکوومەت، هەرێم پێویستی بە پشتیوانی زیاتری داراییە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو، لە ڕاپۆرتێکدا، (دۆنەی ماکدۆناڵد) سەرۆکی کۆمپانیای شیفرۆن لە عیراق، لە ستایشی هەرێمی کوردستاندا، ڕایگەیاندبوو: "هەرێمی کوردستان ئیمکانیەتی ئەوەی هەیە ببێتە یاریزانێکی بەهێزی پیشەسازیی نەوت".
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە مانگى شوباتى 2015 کردبوو کە داعش 14 هێرشى ڕووەو کەرکووکى دەوڵەمەند بە نەوت کرد، بەڵام به ماوەیەکى زۆر کەم دواى ئەوە، داعش لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێنرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کێشەى نەوت هەر ئاڵۆزتر بوو، لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکانى بەغدا سەقامگیریى پایتەختی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەرێمی کوردستان کار بۆ جیابوونەوە دەکات.
گۆڤارى (ناشناڵ ئینترێست)یش دەڵێت" بۆرى نەوتى کوردستان – تورکیا ، هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، بەڵام بەهۆى وەستانى هەناردەى نەوتەوە چەند جارێک ڕۆژانە هەرێم سەدان هەزار بەرمیل نەوت زیانى بەردەکەوت و نەوتەکەى هەناردە نەدەکرد. نووسەری ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە گەشتێکى ڕۆژنامەوانیى خۆى بۆ کوردستان دەکات و دەڵێت "ئاوارەى زۆرى عەرەب و ئێزدی ڕژاونەتە کوردستان، و هەرێمی کوردستان ئێستا قەیرانى دارایى هەیە و بەهۆیەوە حکوومەت ناتوانێت مووچەى فەرمانبەرانى بدات. ئاماژە بە لێدوانى بەرپرسێکى پارتى دیموکراتی کوردستان کراوە کە وتوویەتى "دەبێت کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بزانێت ئەوە ئازایەتى ئێمە بوو شنگالى ڕزگارکرد، بەڵام لە ساڵى 2014ەوە بەهۆى بڕینى بودجەى هەرێمەوە ئێمە تووشى قەیران بووین و سەربارى ڕووبەڕووبوونەوى ڕۆژانەمان، بەڵام بازارى نێودەوڵەتیى نەوت زۆربەى بەسەر ئێمەدا داخراوە".
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەى بە دوو خاڵى دەستوورى عیێراق کردووە کە لە ماددەى 111دا دەڵێت "سامانى عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە"، بەڵام ماددەى 122 باس لەوە دەکات کە "دەبێت سامانى عێراق بە یەکسانى بەسەر هەموو نەتەوەکاندا دابەش بکرێت". گۆڤارەکە ئەوەشی نووسیوە کە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن کەسن و نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرتووە، بۆیە پێویستە زیاتر لە 17% ی بودجەی عێراق بدرێتە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو ئاوارانەدا کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.




