٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبەر هەبوونی بارەگاكانی پەكەكە، 100 گوندی سیدەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  لە كۆی 250 گوندی سنووری شارەدێی سیدەكان، 100 گوند لەبەر نائارامیی ناوچە سنوورییەكان و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئەوەیش گلەیی و گازندەی هاووڵاتیانی ناوچەكەی بە دوای خۆیدا هێناوە.

(كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی نائارامیی ناوچە سنوورییەكان و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، تا ئێستا لە كۆی 250 گوندی سنووری سیدەكان، 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، خەڵكی ئەو گوندانە بەردەوام داواكاریی ئەوەیان هەیە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوندەكانیان دوور بخرێنەوە، بەڵام تا ئێستا پەكەكە ئەو ناوچانەی چۆڵ نەكردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە وەرزی بەهار و هاویندا خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان، بەڵام پەكەكە ڕێگرییان لێ دەكات و ناهێڵن بە ئاسانی بگەنە گوندەكانی خۆیان".

(كەریمخان) هەروەها ئاماژەیشی دا، جگە لەوەی خەڵكی ئەو گوندانە سوودیان لە گوندەكانی خۆیان وەردەگرت، ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان كرابانایەوە، بە دەیان شوێنی گەشتوگوزاری و شوێنەواری دەكەونە ناوچەكە و ساڵانە بە سەدان گەشتیار روویان تێ دەكرد، ئەوەیش هەمووی دەبووە داهات بۆ خەڵكی ناوچەكە و حكوومەت، بەڵام بە داخەوە لەبەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لێ ناگەڕێن خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە و هەموو خێر و بێری ئەو گوندانە بۆ چەكدارانی پەكەكە ماوەتەوە".
گوتیشی: "ئەو چوار گوندەی پێش چەند رۆژێك بە هۆی بۆردوومانەكانی توركیا و بنكە و بارەگاكانی پەكەكە چۆڵ كرابوون، ئێستا خەڵكەكەی ناوبەناو دەگەڕێنەوە و داواكارن لە پەكەكە تا بنكە و بارەگاكانی خۆی ببەنە دەرەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئاوارە نەبنەوە و زیانی گیانی و ماددییان بەر نەكەوێت".


رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار