٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

روشدی: بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، پێویستە یەكڕیز بین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو دەنێت، ئەویش ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە پێویستە خەڵكی هەرێم و لایەنەكان یەكڕیز بن و پشتگیری لە هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن تاكو پێكەوە سەربەخۆیی یەكجارەكی بەدەست بهێنین.

وەك (عارف ڕوشدی) هێمای بۆ كرد، شۆڕشی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتە مەیدانەوە، ئەمڕۆیش خەبات دەكەین تاكو هەرێمەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو بنێت، ئەویش ڕیفراندۆم و سەربەخۆی كوردستانە".

(عارف روشدی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دیارە گەلی كوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی هەردەم داواكاریی ئەو ئەوە بووە كە ئازاد و سەرفراز بژیت، بەڵام هیچ كاتێك داگیركەرانی كوردستان ئەو دەرفەتەیان بۆ گەلی ئێمە نەهێشتووەتەوە، ئەوەیش ئێمەی ناچار كرد دەست بدەینە چەكی شەڕەف و بەرگری، لەوێیشەوە بۆ قۆناغی شۆڕشگێری، شۆڕشی ئەیلوول چۆن دەستی پێ كرد، شۆڕشی گوڵانیش هەر بە هەمان شێوە دەستی پێ كرد، ئەو شۆڕشە لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدیەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، پارتی توانی لە ماوەیەكی كەمدا ڕێكخستنەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە و، دەست بە ئامادەكردنی پێشمەرگە بكاتەوە و بەشێوەیەكی پارتیزانی، هەتا توانی لە هەموو ناوچەكانی كوردستان مەفرەزەی سەرەتایی دروست بكات و شۆڕشی گوڵان لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا ڕابگەیێنێت".


(ڕوشدی) گوتیشی: "شۆڕشی گوڵان بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتە مەیدانەوە، لە ئەنجامدا بەرەی كوردستانی پێك هات، ئەو بەرەیە دەنگی كوردانی كردە یەك هەتا ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان كرا و ئێمە گەیشتینە ئەمڕۆ كە خاوەن هەرێمێكی سەربەخۆی خۆمانین، ئەمڕۆیش خەبات دەكەین تاكو هەرێمەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو بنێت، ئەویش ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا داوا لە هەموو خەڵكی هەرێم و لایەنەكان دەكەم یەكڕیز بن و پشتگیری لە هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن تاكو پێكەوە سەربەخۆیی یەكجارەكی بەدەست بهێنین".
 
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار