نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا: حکوومەت خەریکى داڕشتنەوەى هەیکەلى خۆیەتى و پێشکەوتنى زۆر باشیش بەدەست هاتووە

ههولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا به مێدیای بهریتانیای رایگهیاند، قەیرانى دارایى، حکوومەتى هەرێمى بەرەو چاکسازی برد و حکوومەت لە ئێستادا خەریکى داڕشتنەوەى هەیکەلى خۆیەتى و پێشکەوتنى زۆر باشیش لەو بوارەدا بەدەست هاتووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (کاتژمێری بەریتانیا) لە کەناڵى (ئەى ئێن ئێن)ى ئەو وڵاتە، (کاروان جەمال تاهیر) نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا دەڵێت، "یەکەم شۆکى ئێمە لە قەیرانى داراییدا، بڕینى بودجەى کوردستان بوو لەلایەن (نوورى مالیکى) سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراقەوە، ئەوکاتە تووشى هەندێک گرفت بووین و لە مانگى تەمموزى 2015 حکوومەتى هەرێم بڕیاری دا، نەوت بە سەربەخۆیی بفرۆشێت و هەر لەوکاتەشدا نرخى نەوت دابەزى، بۆیە، بەداخەوە حکوومەتى هەرێم ناتوانێت پارەى پێشمەرگە و فەرمانبەرانى بدات. دابەزینى نرخى نەوت تەنیا کاریگەرى لەسەر حکوومەتى هەرێم و عێراق نەبووە، بەڵکو من هەفتەیەک پێش ئێستا لە کۆنفرانسی وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت بووم، هەموویان دابەزینى نرخى نەوت کاریگەریى خراپى لەسەر دانابوون، وەک سعوودیە و وڵاتانى دیکە داهاتیان بە ڕێژەى %40 بۆ %24 دابەزیوە و داهاتى کوردستانیش بە ڕێژەى زیاتر لە %50 دابەزیوە."
لە بەشێکى دیکەی دیدارەکەدا، نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا دەڵێت "بەشێکى کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا و لە سەرەتاى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکوومەتەوە، کێشەى پێشمەرگەیە، چونکە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگریى عێراق و دەبووایە هەموو مافەکانیان وەرگرن، وەک ڕاهێنان و چەک و هەموو پێداویستییەک، بەڵام لە خراپترین باردا عێراق هەرگیز ئەوەى نەکرد و سوپاس بۆ هاوپەیمانان کە یارمەتییانداین، هەرچەندە ئەو یارمەتییانە بەس نین و پێشمەرگە پێویستى بە چەکى پێشکەوتوو و قورس هەیە."
دەربارەى یەکگرتنەوەى وەزارەتى پێشمەرگەش، (کاروان جەمال تاهیر) دەڵێت "وەزارەتى پێشمەرگە خەیک بوو یەکى دەگرتەوە و پێشکەوتنى باشیشى بەخۆیەوە بینى و شەش لیوای پێشمەرگەش تێکەڵ کرانەوە، بەڵام بەداخەوە شەڕى داعشی بەسەردا هات و تێکەڵکردنەوەى هێزەکان وەستا، بەڵام هەموو پێشمەرگە فەرمان لە وەزارەتى پێشمەرگە وەردەگرن و ناگەڕێنەوە بۆ حزبەکانیان."
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، ناوبراو باس لەوە دەکات کە "قەیرانى دارایى، حکوومەتى هەرێمى بەرەو چاکسازی برد و حکوومەت لە ئێستادا خەریکى داڕشتنەوەى هەیکەلى خۆیەتى و پێشکەوتنى زۆر باشیش لەو بوارەدا بەدەست هاتووە".
لەسەر پرسى سەربەخۆیى و پەیوەندیى نێوان بەغدا و هەولێر، نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە بەریتانیا دەڵێت "ئیمە ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان داوە و بەردەوامیشین بۆ ئەوەى عێراق بە یەکگرتوویى بمێنێتەوە، بەڵام لە دەستووردا هاتووە عێراقێکى یەکگرتووى دیموکراتى فیدڕاڵ لەسەر بنەماى شەراکەتى ڕاستەقینە دەبێت، بەڵام کە هیچ لەوانەى تێدا نەبوو، ئێمە ناچارین ڕێگەى خۆمان هەڵبژێرین".
(ولیام موریس)ى پێشکەشکارى بەرنامەى (کاتژمێرى بەریتانیا) بە نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە دەڵێت "من دەزانم خەونى گەورەى (سەرۆک بارزانى) سەربەخۆییە، ئەى تۆ؟" لە وەڵامدا (کاروان جەمال تاهیر) جهخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "سەربەخۆیى خەونى هەموو کوردە و کورد لە چوارچێوەى عێراقدا بە درێژایى مێژوو چەوسێنراوەتەوە".




