٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عەرەفات: لەبەر خاتری كورد نییە دەیانەوێت بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەیە پرۆسەی سیاسی نەوەستێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، عەرەبەكان زانییان پێگە و ڕۆڵی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا چەند گرینگە، ئەو سەردانانەی ئێستایش ئەنجام دەدرێن، هەمووی بۆ كێبڕكێیە لە نێوان سەرۆكایەتیی پەڕلەمان و پەرلەمانتارە مانگرتووەكاندا كە دەیانەو‌ێت (جبووری) لەسەر كار نەمێنێت.

(عەرەفات كەرەم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئێستا عەرەبەكان زانیانیویانە پێگە و ڕۆڵی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا چەند گرینگە، ئەو سەردانانەیش كە ئەنجام دەدرێن، هەمووی كێبرَكێیە لە نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان (سەلیم جبووری) كە سەرۆكێكی شەرعییە، لەگەڵ پەرلەمانتارە مانگرتووەكان كە دەیانەو‌ێت (جبووری) لەسەر كار نەمێنێت و ئەوانیش سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد".

(عەرەفات) گوتیشی: "شاندەكان بەردەوامن لە سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان و لەوانەیە حیزبی دەعوەش سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی قەناعەت بە كورد بكەن بگەڕێنەوە بەغدا، چونكە بە ڕاستی پەرلەمان نەبێت، حكوومەتیش نابێت كە دەبێت دەنگ بدەین بۆ ئەو وەزیرانەی كە گۆڕاون و دەستنیشان دەكرێن یاخود لادەبرێن".

ئەوەیشی باس كرد: "دەیانەوێت ئێمە بگەڕێینەوە نەك لەبەر خاتری كورد، بەڵكو بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی ڕانەوەستێت و رێژەی یاسایی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران بە كورد تەواو بكەن، ئەمەیشیان لەبەر كورد نییە، چونكە دوو جار بوودجەمان پەسەند كرد ئەگەر ئەوەندە نیازیان پاكە، دەبووایە مافی كوردیان بدایە، بۆیە وای دەبینم ئەو سەردانانە  بۆ بەرژەوەندیی پرۆسەی سیاسی نییە، چونكە هەر یەكێك دێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بڕیار دەدات، ئینجا چ حیزبی بێت یاخود هەر كەسێكی دیكە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "بڕیارمان داوە وەكو كورد لایەنێك نەبین لەوەی هەیە و بەردەوامین لە پرۆسەی سیاسی و تەنیا قسەی خێر دەكەین تا پرۆسەی سیاسی سەر بگرێت و، گەڕانەوەیشمان بە بڕیاری سیاسی دەبێت، بەڵام بە مەرجێك ئەو بارودۆخەی لە بەغدا هەیە ئارام بێتەوە، چونكە خۆمان ئامادە كردبوو بگەڕێینەوە بەغدا، كەچی هێرشیان كردە سەر ئەنجوومەنی وەزیران و لەوانەیە حەفتەی داهاتوو هێرش بكەنە سەر سەرۆكایەتیی كۆمار كە بەرنامەیەك لە ئارادایە بۆ ئەوەی هیچ هەیبەتێك بۆ دەوڵەت نەمێنێتەوە".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار