٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەمال مورتکە: ئازادکردنەوەی مووسڵ لەژێر ئەجێندایەکی گەورەی سیاسیدایە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێرـKDP.infoـ  فەرماندەی گشتی میحوەری گوێڕ ئاماژە بەوە دەکات کە ئازادکردنەوەی مووسڵ بووەتە بەرداشێکی گەورەی سیاسی لەنێوان وڵاتە زلهێزەکاندا؛ چونکە سعوودیا و ئیران و تورکیاش دەیانەوێت ڕۆڵیان لە ئازادکردنەوەی شارەکەدا هەبێت.

 

جەمال مورتکە، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ بە ماڵپەری فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئازادکردنەوەی مووسڵ لەژێر ئەجێندایەکی گەورەی سیاسیدایە؛ ئێران هەوڵی تەواو دەدات بۆ ئەوەی لە ڕێگای میلیشیا شیعەکانەوە ئەو پارێزگایە بگرێتەوە و بەشێک لە هێزی خۆی جێگیر بکات؛ لەولاشەوە سعودیە دەیەوێت لە ڕێگای هاوکاریکردنی هێزە سوننەکانەوە شارەکە بکەوێتەوە دەست سوننە چونکە پێی وایە مووسڵ دڵی سوننەکانە و دەبێت پارێزگاریی لێ بکرێت؛ ئەمەش وای کردووە کە شارەکە لە چوار چێوەی سیاسیەتێکی بەهێزی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە."

 

دەیشڵێت: "ئامادەکاری بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ نەکراوە نابینرێت سوپای عێراق و حکوومەتی عێراق لە ئامادەکاریدابن بۆ ئازادکردنەوەی ئەو شارە، چونکە تۆ ئەگەر بتەوێت مووسڵ ئازاد بکەیتەوە دەبێت بە لایەنی کەمەوە میحوەرێکی بەهێزت لە بەردەستدا بێت، سوپایەکی بەهێز و و ئامادە و شارەزایشت هەبێت و نەخشە و پلاندانەری بەهێزت هەبێت، کە سوپای عێراق ئەمەی نییە ئیتر چۆن ئازاد بکرێتەوە!"

 

گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هێزی هاوپەیمانەوە هاوکاری دەکرێت و لە ئامادەباشییەکی تەواودان، بۆیە ئەگەرهاتو مووسڵ ئازاد بکرێتەوە هیچ کات بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئەو شارە ئازاد ناکرێتەوە، چونکە میحوەری مووسڵ گرێداری بەرەکانی جەنگە لەگەڵ پێشمەرگە".

 

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار