ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی: لە مانگی رابردوودا مەشق بە 1100پێشمەرگە كراوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا مەشق و راھێنانیان بە زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە کردووە و بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی داھاتوو ئامادە دەكرێن.
(ستیڤ واران) گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ دژی داعش لە عێراق و سووریا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای كردووە: "تەنیا لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا لە شاری ھەولێر مەشق و راھێنان بە نزیکەی 1100 پێشمەرگە كراوە".
ھەروەھا گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانان رایگەیاندووە: "گروپێکی دیکە لە ھێزی پێشمەرگە ئامادەکراون، بۆ ئەوەی لەلایەن راوێژکارە نێودەوڵەتییەکانەوە مەشقیان پێ بکرێت.
سەبارەت بە مەشق و راھێنان و ئامادەكردنی ھێزی پێشمەرگەش (ستیڤ واران) ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ئەو پێشمەرگانە ئامادەکراون بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتوو لە نێویشیاندا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ.




