"سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی كوردستان لە تەواوی ناوچەكەدا پێنجەمە..لە پێش ئیسرائیل و عەرەبستانەوەیە"

ئاژانسەکان-KDP.info- لە ڕاپۆرتێكی (جڕووزاڵمپۆست)دا بەناونیشانی "هەوڵەكانی كورد بۆ داڕشتنەوەی هەیكەلی ئابووری" باس لە هەنگاوەكانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات لە چەند ڕێگەوە دەکرێت كە یەكێك لەوانە وەرگرتنی باجە بۆ ئەوەی خۆی تووشی قەرز نەبێت.
لەو ڕاپۆرتەدا چەندین داتا و ئامار بڵاو كراونەتەوە و بەهێزی و گەشەسەندنی ئابووری و وەبەرهێنان لە كوردستان لە چوارچێوەی كارەكانی حكوومەتی هەرێم خراونەتە ڕوو، تیایدا دەڵێت: "لە ساڵی 2009 ڕێژەی وەبەرهێنان %7 زیادی کردووە و لە 2010 بەرز بووەتەوە بۆ %9 و لە 2012 گەیشتووەتە %12."
هەروەها ئاماژە بە ڕاپۆرتێكی ئابووریی جیهانی لە ساڵی 2013 كراوە كە دەڵێت: "سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی كوردستان پێنجەمە لە تەواوی ناوچەكە و لە پێش ئیسرائیل و عەرەبستانەوە دێت، لە سەر ئاستی جیهانیش پلەی هەشتاوسێیەمینە، هەروەها لە ڕووی هەلومەرجی بازرگانییەوە حەوتەمینە لە ناوچەكە و پێش وڵاتانی ئوردن و میسرە، لە جیهانیشدا پەنجاوحەوتەمینە و پێش ڕووسیایە."
لە بەشێكی دیکەی ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەو فەلسەفە ئابوورییە كراوە كە حكوومەتی هەرێم بەكاری هێناوە و دەڵێت "ئەو فەلسەفە ئابوورییەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەكاری هێناوە لەنێوان ساڵانی 2004 – 2014، هەمان بیرۆكەی بازاڕی ئازادە کە لە ئەمریكا کاری پێ دەکرێت، ئامانجی ئەو ئاسانكارییەی حكوومەتیش بۆ كۆمپانیاكان لەپێناو هاندانی كۆمپانیای زیاتر بووە كە ڕوو لە كوردستان بکەن بە مەبەستی وەبەرهێنان."




