٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران: پشتیوانی سەقامگیریی بەغدا دەكەین و دژی ئاژاوەنانەوەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا هەوڵەكانی ئاڵۆزی دروستكردن لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق ئیدانە دەکات و پشتیوانی لە دەربڕینی داواكانی خەڵكی عێراق دەكات بەشێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنیانە دوور لە تووندوتیژی و هەڵكوتانە سەر دامەزراوە و دەزگاكانی دەوڵەت.

دەقی بەیاننامەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

دوێنێ جارێكی دیكە لە شاری بەغدای پایتەختی دەوڵەتی فیدرالیی عێراق و چەند شارێكی دیكە، خۆپیشاندانەكان بەرەو ئاڵۆزی و ئاژاوەنانەوە و هەڵكوتانە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت پاڵپێوەنران، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

ئێمە بەتووندی دژی بەكارهێنانی خەڵك و داواكارییە ڕەواكانی خەڵكین بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و ئاژاوەنانەوە. بە تەواویش لەگەڵ داوكارییە ڕەواكانی گەلی عێراقداین لەپێناو دابینكردنی بژێوی و ئارامی لە عێراقدا، بەڵام دەبێ داواكارییەكان بەشێوەیەكی مەدەنیانە و ئاشتیانە گوزارشتیان لێ بكرێت، نەك بكرێنە هۆكارێك بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و ئاژاوەنانەوە و هێرشكردنە سەر دامەزاروەكانی دەوڵەت و پێشێلكردنی یاسا و تێكدانی ژیان و سەقامگیری لە وڵاتدا، چونكە بەوشێوەیە داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بەلاڕێدا دەبرێن.
هەر لەو پێناوەشدا پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هەوڵەكانی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەردەبڕین لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە عێراقدا.

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
21/5/2016
 

هەواڵی پەیوەندیدار