"هەندێ لایەنی سیاسی با خۆیان لە ئەجێندای دەرەكی بپارێزن"

ئاژانسەکان-KDP.info- (د. عەبدولوەهاب خالید) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی زاخۆ دەڵێ ئەو لایەنە سیاسییانەی دەڵێن، ئێستا كات گونجاو نییە بۆ ڕیفراندۆم، با خۆیان لە ئەجێندای دەرەكی بپارێزن، چونكە ئەمڕۆ لە هەموو ڕوویەكەوە زەمینە لە بارە بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ.
(د.عەبدولوەهاب خالید) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێككەوتنامەکەی سایكسپیكۆ تێدەپەڕێت، كە بە ناڕەازی كورد بووە، پێویستە ئێمە وەك گەلی كورد پەند لەو ڕێككەوتنە وەربگرین، نەکا دیسان بكەوینە بەر هێرشی دژمنان؛ جا با یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین، ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی گەلی كورد بەو ئاواتە بگات كە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ دەكات."
گوتیشی: "پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان هاوكاری (سەرۆك بارزانی) بن، بۆ ئەوەی كورد ببێت بە دەوڵەت، چونكە هیچ كەس و لایەنێك هەروا ناهێت بە دیاری دەوڵەتی كوردیمان پێشكەش بكات، بەڵكو دەبێت بە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین؛ دیارە ئێستا كات لەبارە كە ئەو ڕێككەوتنە نەمێنێت و ئێمە بەو مافە ڕەوایە بگەین، بۆ ئەمەیش پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانە خۆیان لە ئەجێندای دەرەكی بپارێزن. ئەمڕۆ لە هەموو ڕوویەكەوە زەمینە لەبارە بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆیە هیچ بەهانەیەك نیە بۆ ئەو لایەنانە كە بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئێستا كات لەبار نییە بۆ ڕیفراندۆم."
ڕابین شێروانی




