٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان تاسەر نابێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، یەکێتی و گۆڕان  ئەو ڕێککەوتنەیان پێ جێبەجێ ناکرێت؛ خۆی یەکێتی بەبێ پارتی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بکات و، ھیچ کێشەیەکیشی پێ چارە ناکرێت.

 

چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان زیاتر پەیوەندیی بە ڕووداوی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە ھەبوو کە یەکێتی وەکو شەریکەحوکمی پارتی حیسابی بۆ کراوە و ھاوبەشە لە زۆرینەی پرسەکاندا؛ جا بە پێی عورفی پەیوەندییە سیاسییەکان ڕەوا نەبوو بەبێ پرسی پارتی ئەو ڕێککەوتنە سەرتانسەرییەی بکردایە؛ ھەر چەندە یەکێتی مافی ڕێککەوتنی ھەیە لەبەر ئەوەی سەربەخۆیە، بەڵام ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ پارتیدا ھەبوو، بۆیە دەبی بیری لەوە بکردایەتەوە کە ڕێککەوتنێکی وەها لەگەڵ گۆڕاندا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا."

 

گوتیشی، ئەو بەیاننامەیە ئاگادارکردنەوەی ھەموو لایەکیشە کە ھیچ پرسێکی سەرتانسەریی کوردستان بەبێ پارتی چارەسەر نابێت؛ ھیچ ئیرادەیەکیش بەسەر ئیرادەی گەلدا ناسەپێت؛ خۆی لەو ھەلومەرجەی ئێستادا پێویست بوو تەباییەکی زیاتر ھەبێت؛ جا ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە لە خزمەت تەبایی و یەکڕیزیدا بێت پێشوازیی لێ دەکرێت؛ پارتی پێی وایە ئێستا و، لەمەولایش لە پرسە چارەنووسسازەکاندا دەبێ کارێکی وەها بکرێت کە ھەرێم دەرەقەتی ھەموو پێشهات بێت."

 

ئەو چاودێرەی سیاسەت ڕوونیشی کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە ناوی نراوە سیاسی، سیاسی نییە و ستراتیژییە؛ گۆڕان وەزعی شپرزە، پەیتاپەیتا شکستی دەهێنا؛ بۆیە ئەو ڕێککەوتنەیشی کردووە، بەڵام ڕێککەوتنەکە ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، هەر دیدوبۆچوونەکەی جارانیانە و بەسەر یەکێتیدا سەپاندوویانە.

 

دەیشڵێ گۆڕان ناتوانێ وەکو جاران دروشمی خەڵکخەڵەتێنە بەرز بکاتەوە؛ ئەو خەڵکەی  بە ناوی ئازاد و لە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و، لە حزبە سیاسیە جیاجیاکانەوە لەبەر ڕای جیاواز چوونەتە ناو گۆڕان، بەو ڕێککەوتنە پشوویان سوار دەبێ؛ ئاخر (نەوشیروان مستەفا) دیسان بردنیەوە بۆ ناو یەکێتی.

 

(خەسرۆ) ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەو ململانێیەی لە ناو یەکێتیدا ھەیە، ئەستەمە ئەو ڕێککەوتنە سەر بگرێت و، ھەڵدەوەشێتەوە. هەروابێتەوە ئەو ڕێککەوتنە پەیوەندیی بە پرسی گشتییەوە ھەیە، لەوانە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە یەکێتی لەو پرسانەدا ناچارە هەر مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکاتەوە؛ جا بۆیە ئەو ڕێککەوتنە ھیچ لە بارودۆخ و واقیعی کوردستان ناگۆڕێت و، مەگەر هەر لە سلێمانیدا جێبەجێ بکەن و، هیچ سەر ناگرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار