بە هۆی پەکەکە و دۆخی ناجێگیری ناوچەکەوە داهاتی دەروازە سنوورییەکان کەمی کردووە

هەولێرـKDP.infoـ سەرۆکی لێژنەی بازرگانی و پاراستنی مافی بەرهەمخۆر (بهكاربهر) لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی کوردستانەوە زۆر کەمی کردووە.
ماجید عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕی پەکەکە و تورکیا لە باکووری کوردستان، خراپ کاری کردووەتە سەر ئابووریی باشووری کوردستان؛ داهاتی دەروازەی ئیبراهیمخەلیل سەدا٦٠ کەمی کردووە و، بارزگانی وەک جاران نەماوە؛ ڕاستەوخۆ کاری کردووەتە سەر داهاتی کوردستان."
دەیشڵێ: "جیا لە دەروازەکانمان لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێرانیشدا گرفتمان هەیە؛ لەبەر ئەو باجەی تازەیی دانراوە، هەندێ لەو بازرگانەی لە سنووری ئێران و کوردستانەوە هاتوچۆی کوردستان و عێراقیشیان دەکرد، ئێستا لە دەروازەی (ئومقەسر) لە باشووری عێراقەوە بازرگانی دەکەن؛ ئەوەش زەرەرە بۆ ئابووریی کوردستان؛ بێجگە لەوەیش باشووری عێراق هیچ کوالێتی کۆنترۆڵێکی لێ نییە و، چاک و خراپ دێتە ژوورەوە."
گوتیشی: "دووکەڵی شەڕ و ئاژاوەی سنوورەکان، هەر دەچێتە چاوی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا".
کارزان سەباح هەورامی




