بەهۆی پەكەكەوە سیدەکان چوار گوندی دیکەی لێ چۆڵ كرا

سیدەکان-KDP.info- تورکیا لەبەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوند و ئاواییەكانی سیدەکان دیسان کەوتە بۆردومانکردنی ئەو دەڤەرە؛ خەڵکی چوار گوندی دەڤەرەکە لە ترسی گیانیاندا ئاوارە بوونە؛ داوا دەكەن پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆی بباتە دەرەوە و، چیدی نەبێتە بەڵای گیانی ئەو خەڵکە بێدەرەتانە.
(كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەبەر ئاگری توركیا و، بنکەوبارەگا شەڕهەڵایسێنەکانی پەكەكە لە دەڤەری سیدەکان، خەڵكی گوندەكانی (سیران و خەلیفان و ئاڵەكا و گۆڕەشێر) ڕایانکردووە بەرەو گوند و ئاواییەكی بێوەی."
گوتیشی: "توركیا کە ئەو گوند و ئاواییانەی کوتاوە، خەڵکەکە ڕەزوباخ و زەویوزارێکی زۆریان لێ کاول بووە و، چەندین سەر ئاژەڵیشیان لێ کوژراە؛ ئەوە بە لایەک، خەڵکەکە لەبەر گیانی خۆیان ناوێرن بگەڕێنەوە و، گوندەکەیانیان چۆڵ کردووە؛ داوا دەكەن پەكەكە بنكەوبارەگاكانی لەو گوند و ئاواییەكان بباتە دەرەوە با ئاگری ئەوان و تورکیاوە نەسووتێن."
ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری 'ئامێدی'ـیشیان تێر بۆردومان كرد، خەڵکەکە ترس و دڵەڕاوكێیەکی زۆریان لێ نیشتووە.
ڕابین شێروانی




