٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارە کوردەکان وەڵامی پەرلەمانیان نەدایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانی عێراق نامەی بۆ پەرلەمانتارانی کورد ناردووە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد وەڵامیان نەداونەتەوە.

 

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تائێستا ھیچ باسێک نییە بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا، ھەرچەندە پەرلەمان ھەندێک نامەی بۆ پەرلەمانتارانی کورد ناردبوو گوایە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و دانیشتنێک بکرێت، بەڵام کەس وەڵامی ئەو نامانەی نەداوەتەوە، ئاخر گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسی دەبێت و، کورد لەوبارەیەوە یەکهەڵوێستە."

 

(د. عەرەفات کەرەم) گوتیشی، ڕاستە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی گەڕانەوەی کردووە، بەڵام مەبەستی ئەوە نەبووە بەبێ مەرج بگەڕێینەوە؛ پێویستە ھەندێک داواکاری و مەرجمان ھەبێت و، دەرفەتێکی باشە ھەندێک لە داخوازییەکانمان جێبەجێ بکرێت.

 

(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە، سەرۆکی پەرلەمان و (عەلی عەلاق) سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە؛ پەرلەمانتارانی مانگرتووش بڕیاریان داوە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و، لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا کۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی کورد پشتیان بگرێت لە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیدا، گەرچی ئەوان تەمەننا دەکەن بێن سەرۆک بارزانی ببینن.

 

باسی لەوەش کرد، پەرلەمان بەبێ کورد ڕێژەی یاساییەکەی پێ تەواو ناکرێت و، ئەگەر هەروا بڕوات، پەرلەمان لە پەلوپۆ دەکەوێ و، کەڵکی دەبڕێ.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار