هەولێر..کامیرای چاودێریی ئۆتۆمبێل، جێگیر دەکرێ

هەولێر-KDP.info- پۆلیسیی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕێگریكردن لە تیژڕەوی، پلانی دانانی كامیرای جێگیركراوی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و، چەند ئۆتۆمبێلێکیش ڕاگیراون.
ڕائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "پۆلیسی هاتوچۆ بۆ كەمكردنەوەی سەرپێچی، سەرقاڵی دانانی كامیرای جێگیرە لە چەند شوێنێكی شاری هەولێردا و تا ئێستا لە شەقامی شەست مەتری بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری و شەقامی كەركووك بەردەم دەزگای ئاسایشی هەرێمدا كامیرا جێگیر كراون؛ لە بەرنامەدایە لە چەند شوێنێكی دیكەی پڕمەترسییشدا كامیرا دابنێینەوە."
حاجی ڕاشیگەیاند: "بۆ خۆدزینەوە لە كامیرای هاتوچۆ چەند شوفێرێک ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەیانیان دەستکاری كردووە؛ بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دەست بە لێپرسینەوە كراوە و، تا ئێستا زۆر ئۆتۆمبێلی بێژمارە و دەستكاریكراو دەستیان بەسەردا گیراوە و دیاردەكە كەم بووەتەوە."
قائید میرۆ




