كۆمپانیا ئێرانییەكان، گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن

هەولێر-KDP.info- لەسەر بانگهێشتی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بە هاوكاری و سپۆنسەری كەرتی تایبەت، 10 كۆمپانیای گەشتیاریی ئێران هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
(نادر رۆستی)، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "میكانیزمی هێنانی گەشتیار لە دیدارەكەی نێوان كۆمپانیاكاندا باس كرا، ئێمەیش وەك دەستەی گەشتوگوزار ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ هێنانی گەشتیار بە شێوەی گرووپی گەشتیاری، هاوكات كەرتی تایبەتیش لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ دابەزاندنی نرخ بۆ گرووپی گەشتیاری".
(ڕۆستی) گوتیشی: "ئامانج لە بانگهێشتكردنی كۆمپانیا ئێرانییەكان، بریتییە لە رێكخستنی دیدار لە نێوان كۆمپانیاكانی هەرێم و وڵاتی ئێران، هەروەها سەردانكردنی شوێنە گەشتیارییەكان و بینینی ڕەوشی ئارام و گونجاوی گەشتیاری هەرێم بۆ پێشوازیكردنی گەشتیاران، تا بتوانین كەرتی گەشتیاری ببووژێنینەوە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ داهات و، ببینە هاوكارێكی باش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لەم قەیرانەدا، چونكە گەشتیار دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان".
رابین شێروانی




