٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی: دڵنیاین میللەتەكەمان پرسە چارەنووسسازەكەی لە رێگای ریفراندۆمەوە یەكلا دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (جەعفەر ئێمینكی)، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان كوردستان، ڕایگەیاند: "دڵنیاین كە میللەتەكەمان نەخشەی ئایندەی خۆی بە هەمان جۆش و خرۆشی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكێشێت و پرسە چارەنووسسازەكەی، كە دەیان ساڵە خەباتی لە پێناودا كردووە، بە شێوەیەكی پراكتیكی و وەكو هەنگاوی یەكەم، لە رێگای رێفراندۆمەوە یەكلا دەكاتەوە.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

بەر لە " 24" ساڵ، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ و لە قۆناغێكی چارەنووسسازدا، گەلی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، بەپەڕۆشەوە ڕوویان لە سەندووقەكانی دەنگدان كرد لە یەكەمین هەڵبژاردنی ئازاددا، كە بە رۆژێكی مێژوویی و بەردی بناغەی دیموكراسی لە كوردستاندا هەژمار دەكرێت.

  بەم بۆنەیەوە، گەرمترین وجوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین، كە لە سایەی خوێنی پیرۆزیان ئەم دەسكەوتە تۆمار كرا و بووە بنەمای دامەزراندنی یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 4/7/1992ـدا، بەمەیش قۆناغێكی نوێی خەباتی دیموكراسی و خۆبەڕێوەبردنی گەلی كوردستان دەستی پێكرد و لەسەر ئاستی دەرەوەیش دەنگی دایەوە و بووە جێگای بایەخپێدانی ڕای گشتیی جیهان.

  پەرلەمانی كوردستان لە چوار خولی تەمەنیدا هەمیشە بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە و پاراستنی بەرژەوەندە گشتییەكانی كوردستان و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، كاری كردووە و سەدان یاسا و بڕیاری گرینگی دەرچواندووە و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرچاوی وەرگرتووە و ڕۆڵێكی سەرەكییشی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و بووژانەوە و گەشەكردنی ئابووری و بوارەكانی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و خۆشگوزەرانی و هەموو بوارەكانی تری ژیان. لە بواری چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەتیشدا پەرلەمان درێغی نەكردووە و بەدواداچوونی خواستەكانی گەل لە سەرووی ئەركەكانی خۆی زانیوە.  

  ئەمڕۆیش لە ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان، وێڕای شانازیمان بەو هەنگاو و قۆناغە تەشریعی و سیاسیانەی كە پەرلەمان بڕیویەتی، هەلومەرجی سیاسیی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بە گشتی، پێشهات و گۆرانكاریی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت و شەڕی دژی تیرۆر و قەیرانی دارایی هاوكێشە سیاسییەكانی ئاڵوزتر كردووە، بەڵام دڵنیاین كە میللەتەكەمان، بە پشتبەستن بە ئەزموون و خەباتە مێژووییەكەی و متمانەی بە خۆی و تواناكانی، لەسەر هەموو كێشە و كۆسپ و گرفتەكان زاڵ دەبێت و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا دەكات و نەخشەی ئایندەی خۆی بە هەمان جۆش و خرۆشی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكێشێت و پرسە چارەنووسسازەكەی، كە دەیان ساڵە خەباتی لە پێناودا كردووە، بە شێوەیەكی پراكتیكی و وەكو هەنگاوی یەكەم، لە رێگای رێفراندۆمەوە یەكلا دەكاتەوە.

جارێكی تر ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی گەلەكەمان.

 

جەعفەر ئیبراهیم ئێمنكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار