٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئیتالیا لە ناردنی هاوکاری بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت"

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، حکوومەتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە ناردنی هاوکاری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە داهاتووشدا هێزی دیکەی سەربازی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، وێڕای ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆما و هەولێر، وتی: "سەردانەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پەیوەندییەکانی زیاتر پتەوتر کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "چاوپێکەوتنەکانی پاپای ڤاتیکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و لەگەڵ شاندە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی نوێنەری تایبەتی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان مانای گرنگیدانی ڤاتیکانە بە هەرێمی کوردستان، چونکە بەلای ئەوانەوە کوردستان تەنیا ناوچەیەکە کە مەسیحییەکان و خاوەن ئایینزاکانی دیکە تێیدا بە ئارامی پێکەوە دەژین."

 

نوێنەری حکوومەتی کوردستان لە ئیتالیا وتیشی: حکوومەتی ئیتاڵیا یارمەتی زیاتری هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەکات و بڕیاریشە ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کە لە شەڕی دژی تیرۆردا پێویستیان بەچارەسەر کردن هەیە بنێردرێنە ئیتالیا." 

 

سەبارەت بە سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ کوردستان، ڕێزان حمەساڵح وتی: "پاپای ڤاتیکان زیاتر سەردانی ئەو شوێنانە دەکات کە خەڵکی لێقەوماوی تێدایە و ئێستاش هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی کە ئاوارەیەکی زۆری تێدایە و ژمارەیەک مەسیحیش لە هەرێمی کوردستان بە ئارامی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە پێکەوە دەژین و ئەمانەش بەلای پاپای ڤاتیکانەوە جێگەی ڕێزن و بۆیە پێی خۆشە سەردانی کوردستان بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار