خەڵکی سۆران: لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی سەرۆک بارزانی بن بۆ ئەوەی کورد ببێتە دەوڵەت

سۆران-KDP.info- هاووڵاتیانی دەڤەری سۆران ئیدانەی ڕێككەوتنی سایكسپیكۆ دەكەن، دەڵێن، ئەگەر ئێستا كات گونجاو نەبێت، ئەی كەی كات گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم، بۆ ئەمەیش پێویستە لایەنە سیاسییەكان هاوكاری (سەرۆك بارزانی) بن، بۆ ئەوەی كورد ببێت بە دەوڵەت، چونكە ئەمڕۆ لە هەموو ڕوویەكەوە زەمینە لەبارە بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ.
(چەكدار شاكر) هاووڵاتییەكی شارۆچكەی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكسپیكۆدا تێپەڕیوە، كە ئەو ڕێككەوتنە بەبێ ڕەزای كورد بوو و، كوردستانی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كرد، پێویستە ئێمە وەك گەلی كورد پەند لەو ڕێككەوتنە وەربگرین، نەکا دیسان كورد بكەوێتە بەر شاڵاوی دژمنان، بۆ ئەمەیش پێویستە یەكڕیزی خۆمان بپارێزین، ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی گەلی كورد بەو ئاواتە بگات كە بە درێژایی مێژوو باب و باپیرانی ئێمە خەباتی بۆ دەكەن."
گوتیشی: "پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان هاوكاری (سەرۆك بارزانی) بن، بۆ ئەوەی كورد ببێت بە دەوڵەت، چونكە هیچ كەس و لایەنێك هەروا ناهێت بە دیاری دەوڵەتی كوردی پێشكەش بە ئێمە بكات، بەڵكو دەبێت بە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین، بۆیە ئێستا كات لەبارە كە ئەو ڕێككەوتنە نەمێنێت و ئێمە بەو مافە ڕەوایە بگەین."
(بارزان عەلی) لە شاری سۆرانەوە وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "نازانم بۆچی هەندێك لایەن باس لەوە دەكەن كە ئێستا كات گونجاو نییە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، ئەگەر ئێستا كات گونجاو نەبێت، ئەی كەی كات گونجاوە، بۆ ئەمەیش پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانە خۆیان لە ئەجێندای دەرەكی بپارێزن، چونكە ئەمڕۆ لە هەموو ڕووێكەوە كوردستان لە بارە بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆیە هیچ بەهانەیەك نیە بۆ ئەو لایەنانە كە بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئێستا كات لەبار نییە بۆ ڕیفراندۆم."
(عەلی) ئەوەشی گوت: "١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكسپیكۆ تێدەپەڕێت، لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ گەلی كورد لە خەبات و قوربانیدان بەردەوامە بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا كات گونجاو نەبووە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بكرێت و، گەلی كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە نابێ ئەو دەرفەتە لەکیس بدەین."
(خدر حەمید) ڕۆژنامەنووسێكی خەڵکی سۆرانە؛ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سایكسپیکۆڕووداویكی زۆر ڕەش بوو لە مێژووی نێودەوڵەتیدا؛ كورد لەم دۆخە مێژووە پڕ نەهامەتیەدا كەوتە دەستی چوار وڵات، كورد تووشی زۆر نەهامەتی هات؛ هەموو حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان كە حوكمی ناوچەكەیان كردووە كوردیان تیرۆر كردووە، لە ڕووی فكرییشەوە هەوڵی ئەوەیان داوە كورد بسڕنەوە، بەڵام شوڕشەكانی كورد باشترین وەڵامدانەوە بووە بۆ ڕێككەوتنی سایكسپیکۆ، چونكە ئەم ڕێككەوتنە ئامادەیی باشی بۆ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و ناوچەكە هەبوو بۆ لەناوبردنی دۆزی كورد، بەڵام خەباتی كورد باشترین وەڵام بوو بۆ دژمنانی كوردستان؛ ئەمڕۆ ئەم ڕێككەوتنە بە هیمەت وخۆڕاگریی گەلی كوردستان كۆتایی پی دێت و دەبێتە مێژووێكی ڕەش بۆ ئەو وڵاتانەی پیرۆزبایییان لەم ڕێككەوتنە دەكرد."
دەیشڵێ: "كورد ئێستا لەوپەڕی هێزی خۆیدایە، بە تایبەت دوای شەڕی داعش كە هێزی كورد توانیی سنوور بۆ پێشڕەوییەكانی داعش دابنێت و بیشكێنێت، دەوڵەتی عێراقیش لەوپەڕی لاوازی و بێتواناییدایە؛ هەم لە شكستهێنانی بەرامبەر بە داعش هەم لە پەككەوتنی دامودەزگانی و قووڵبوونەوەی كێشەكانی ناو پێكهاتەكانی عێراق، بۆیە پێویستە گەلی كورد لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بگۆڕێت و ببێتە وڵاتێكی نوێ لە ناوچەكەدا."
ڕابین شێروانی




