٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسەرێکی ئێرانی: کوردەکان، سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەنە ڕاستی

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  لە وتارێکدا بەبۆنەی مەرگی ڕێککەوتننامەی سایکس‌پیکۆ، نووسەرێکی ئێرانی باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و، دەنووسێت کە حزبەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕان لەسەر مراندنی ڕێککەوتننامەکە و پێویستیی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردان.

 

محەمەدعەلی دەستماڵی، نووسەری ئێرانی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بۆنەی کاڵبوونەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس‌پیکۆ، لە وتارێکدا بەناوی (کوردەکان، سەد ساڵ دوای سایکس‌پیکۆ) کە سایتی دیپلۆماسیی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا جیاواز لە سەد ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی گەورە تەنیا لە دەستی فەرەنسا و بەریتانیادا نییە و ئەمریکا، ڕووسیا و وڵاتانی دیکەش لە گۆڕەپانەکەدان.

 

نووسەر، بارودۆخی کورد لە هەرێمی کوردستان باس دەکات کە حزبە سیاسییەکانی کوردستان سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوون لەسەر پرسە سیاسییەکان، بەڵام خۆیانیان گورجەوە کردووە بۆ تێکەوەپێچانی میراتی سایکس‌پیکۆ و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە ناوچەکە.

 

محەمەدعەلی دەستماڵی لە وتارەکەیدا سەبارەت بە تێڕوانینی کوردەکان بۆ ڕێککەوتننامەکە، دەنووسێت: "کوردەکان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، مەرج نییە تا کۆتایی چاوەڕوانی ڕەزامەندیی ئەمریکا، ئەوروپا، عێراق، ئێران و وڵاتانی دیکە ناوچەکە بمێننەوە و لەوانەیە لە هەنگاوێکی چاوەڕوان‌نەکراودا هەمووان بخەنە بەردەم ئەمری‌واقیعەوە. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای عێراق و حکوومەتە نەخۆشەکەی، واپێدەچێت کە نە تەنیا دژایەتییەکی ئەوتۆ ناکرێت، بەڵکو لەوانەیە بەشێک لە دامەزراوە سیاسییەکانی شیعە و بەشی زۆری ڕەوتی سوننە ڕازی بن بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی."

 

نووسەرەکەی سایتە ئێرانییەکەی دیپلۆماسی، ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە وەک هێزێکی سەربازی و بەرگریکەر، هەروەها دەسە‌ڵاتی ئابووری و سەرچاوەی نەوت و گازی هەیە، ئەمە جگە لە پەیوەندییە فەرمییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بوونی ئەزموونی سیاسی و دەوڵەتداری. هەروەها هەڕەشەکانی داعش و کردەوە مەترسیدارەکانی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سووریا و بەرەنگاربوونەوەی جیددیی کوردەکان لە بەرامبەر تیرۆر و توندڕەوی، کەشێکی نوێی پێک هێناوە کە بووەتە هۆی گرتنەبەری ڕێکار و هەڵسوکەوتی دروست و ژیرانەی جیهان لەگەڵ کورد. بۆیە بە دووری دەزانێت لەم بارودۆخەدا، ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردەکان لە هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی توندی 'نێودەوڵەتی و ناوچەیی'ـی لێ بکەوێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار