محەممەد هاودیانی: مووچەی كەمئەندامان خەرج دەكرێت

هەولێر-KDP.info- وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ خەرجكردنی مووچەی كەمئەندامان بۆ مانگی یەك، بە مەرجێك رێژەی كەمئەندامی لە ٦٥% كەمتر نەبێت و تەنیا ئەو مووچەیەیان هەبێت.
(محەممەد هاودیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە كە ئەو كەمئەندامانەی لە ڕووی جەستەییەوە ٦٥% و بەرەو سەرەوە كەمئەندامن و تەنیا مووچەی كەمئەندامییان هەیە كە ١٥٠هەزار دینارە، مووچەی مانگی یەكیان بۆ خەرج بكرێت".
(هاودیانی) گوتیشی: "ئەوانەی رێژەی كەمئەندامییان لە ٦٥%كەمترە، مووچەیان پێ نادرێت، لە ئێستایشدا رێنمایی نوێمان دەركردووە و دەست بەپشكنینی نوێ كراوە بۆ كەمئەندامان".
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕوونیشی كردەوە، ئەو رێژەی٦٥%ـەی كە دیاری كراوە بۆ ئەوەی مووچەیان پێ بدرێت، ئەوانەن كە لە ڕووی جەستەییەوە كەمئەندامن و، ئەوانەی دیكەیش ناگرێتەوە وەكو تالاسیما و جۆرەكانی دیكە".
بڵند ئیبراهیم




