برینه یهك سهدهییهكه بهرهو سارێژبوون دهچێت

هەولێر-KDP.info- رۆژی دووشەممە ١٦ـی ئایار ئەو رۆژەیە کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، کوردستانی تێدا پارچە پارچە کرا و، هێشتا برینەکانی ئەو پارچەپارچەبوونە ساڕێژ نەکراوەتەوە.
ئێستە دۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا هاتووەتە کایەوە و بەهۆیەوە ئەو سنوورانە کاڵ بوونەتەوە؛ بەگوتەی پسپۆڕانی سیاسی و مێژوویی تەنیا ئەوە ماوەتەو کورد لە ناوخۆ یەکگرتوو و تۆکمە بێت تا بتوانێت نەخشەیەکی نوێ دابنێت کە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی بێت.
تازە دوو ساڵ بوو، کە یەکەم جەنگی جیهانی دەستی پێکردبوو کە وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمان کە دەیانزانی جەنگەکە دەبەنەوە، دەستیان کرد بە داڕشتنی سیاسەتێک کە بە هۆیەوە ئیمپراتۆری عوسمانی لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
رێککەوتننامەیەک کە دواتر ناوی سایکس پیکۆی لێ نرا، لە ١٦ـی ئایاری ساڵی ١٩١٦ لە نێوان وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و بە رەزامەندیی رووسیا مۆر کرا.
رێککەوتننامەکە بۆیە ناوی سایکس پیکۆی لێنرا چونکە لەو دانیشتنەدا نوێنەری بەریتانیا مارک سایکس و نوێنەری فەرەنسایش ژۆرژ پیکۆ بوو کە هەردووکیان شارەزاییەکی تەواویان لە ناوچەکە هەبوو و، پێشتر چەندین ساڵ وەکوو نوێنەری وڵاتەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و لەوانەش عوسمانییەکان لە پێوندی دابوون. ئەوان لەسەر کاغەز نەخشەی جیهانیان گۆڕی کە دواتر چەندین وڵاتی نوێی لێکەوتەوە.
سەرجەم ئەو ناوچانەی لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەوە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانی دابوون، دوای کۆتایی هاتنی یەکەم جەنگی جیهانی لە ساڵی ١٩١٨ و لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ لەبەر یەک هەڵوەشان و کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێیان لەسەر بنیات نرا. لەوانە سووریا و لوبنانی ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا و عێراق، ئوردن و فەلەستینی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا. لە ساڵی ١٩١٦ ناوچەکانی باکووری ئەفریقا کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان دابوو دابەش نەکران، بەڵام دواتر ئەوانیش هەرکەوتنە ژێردەسەڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا. بۆ نموونە فەرەنسا بەسەر تونس و جەزایر و مەراکیشدا زاڵ بوون و بەریتانیایش بەسەر میسردا زاڵ بوو.
پەیماننامەی سایسک پیکۆ کە پەیمانێکی نهێنی بوو، بریتی بوو لە ١٢ خاڵ کە خاڵەکانی چۆنیەتیی دابەشکارییەکانیان بە گوێرەی ئەو زۆنانە دەستنیشان کردبوو کە خۆیان کێشابوویان.
٥٠٢ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٥١٤ کە کوردستان دوای سەرکەوتنی عوسمانییەکان بەسەر سەفەوییەکان بۆیەکەم جار دابەش ببوو لە نێوان ئەو دوو ئێمپراتۆرییەتە، دوای ٤٠٢ ساڵ دیسان کوردستانی ژێردەستی ئیمپراتۆری عوسمانی بوو بە سێ پارچە و لە رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ چەندین دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ عەرەبەکان هاتە کایەوە و بە شێوەیەک چەندین دەوڵەت لەسەر بنەمای بنەماڵە عەرەبەکان دروست بوون، بەڵام کوردستان پارچە پارچە کرا و بوو بە پاشکۆی وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتی نوێی تورکیاوە.
لەو کاتەوە ئەو سێ پارچەیەی کوردستان کوردستان لە ژێر زوڵم و زۆریی دەسەڵاتدارانی تورک و عەرەب ناڵاندوویانە و هەروەک چۆن براکانیان لە کوردستانەکەی سەفەویش بەدەستی رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی ئێران ناڵاندیان.
دوای سەدەیەک لە رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ دۆخی کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە و، هەواڵی سەربەخۆیی بە گوێی هەر هاووڵاتییەکدا دەزرینگێتەوە. لە رۆژئاوای کوردستانیش قەوارەیەکی دیاریکراوی جیۆگرافی دروست بووە کە کورد تیایدا باڵادەستە و ماوەیەک لەمەوبەریش فیدراڵیەتی راگەیاند.
سیاسەتمەدار (دکتور شەفیق قەزاز) بۆ ڕۆژنامەی هەولێر روونی دەکاتەوە دوای ١٠٠ ساڵ لە دابەشبوونی کوردستان، ئەگەری گۆڕانکاری زۆرە و ئەو باردودۆخەی پێشتر گەلان بە تایبەتی گەلی کورد ناچاربوو لە دەوڵەتانی زلهێزیتر وەک بەریتانیا و فەرەنسا قەبووڵی بکات، ئەمڕۆ قەبووڵی ناکات.
(قەزاز) پێیوایە جگەلەمە دۆخی سیاسیی ئێستەی جیهان لەگەڵ ئەوکاتیش گۆڕانکاری زۆری بەسەر هاتووە و، ئەو رۆڵەی ئێستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیەتی ئەوکات کۆمەڵەی نەتەوەکان نەیبوو و جگەلەمە ئەو رۆڵەی ئێستە کورد لە سیاسەتی جیهانیدا هەیەتی و ناسراوە، ئەوکات بەو شێوەیە نەناسرابوو.
کورد دەبێ کار بۆ ئەوە بکا ببێت بە دراوسێی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا
بەگوتەی (قەزاز) لە باشووری کوردستان کورد کۆمەڵێک مافی دەست کەوتووە و پرسی سەربەخۆیی کە بووەتە بنێشتەخۆشکەی دەمی هەموو کەسێک، بە پراکتیکی هەنگاوی بۆ نەنراوە. ئەو بە پێویستی دەزانێت کورد لەو رووەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و بە یەکخستن و تۆکمەکردنی ناو ماڵی خۆی هەموو هەلە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بقۆزێتەوە و شتێکی گەورەتر لەو قەوارەیە دروست بکات کە لە ٢٠ ساڵی رابردوو پێی گەیشتووە. ئەو دەڵێت کورد دەبێت هەنگاوی جیددی بنێت بەرەو ئەوەی لە جیاتی ئەوەی بەشێک بێت لە ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا ببێت بە دراوسێی ئەو دەوڵەتانە، دۆخێک بۆ بەدەوڵەتبوونی کورد هاتووەتە کایەوە و کورد دەبێت خۆی بۆ ئامادە بکات.
ئەو ئاماژە بە سەردەمەکانی (شێخ مەحموودی نەمر) و (پێشەوا قازی محەممەد) دەکات کە یەکەمیان بەهۆی بەریتانیا و رووسیا و دووەمیشیان بەهۆی تورکیا و بەریتانیا لەباربردران و، ئەوەی ئێستە زیاتر کاریگەریی نەرێنی هەیە بە پێچەوانەی ئەوکاتە هۆکاری ناوخۆییە کە نیشانی دەدات کورد لە رابردووی خۆی ئەزموونی وەرنەگرتووە.
بەگوتەی ئەو سیاسەتمەدارە ئەو توانا و هەژموونەی لە ١٠٠ ساڵی رابردوو هەندێک وڵات هەیانبوو و دەیانتوانی هەموو شتێک بکەن ئێستە نییانە و، دەوڵەتانی دراوسێیش ناتوانن حاشا لە مافی کورد بکەن، جگەلەمانە کەشوهەوای نێودەوڵەتیش کە جاران سنووری سایکس پیکۆیان بەلاوە پیرۆز بوو، ئێستە ئەو پیرۆزییە نەماوە و دۆخی جیهان بەرەو ئاراستەیەک گۆڕاوە کە دەکرێت سنوورەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و، بە شێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە گەلان ئاسوودەتر لە جاران لە تەنیشت یەکتر بژین.
دوای کۆتاییی جەنگی داعش، کورد بە سەربەخۆیی دەگات
هاوکات، (دکتۆر کەیوان ئازاد) پسپۆڕی مێژوو، باس لە هۆکاری پارچە پارچەبوونی کوردستان دەکات و هۆکارە سەرەکییەکە لەوکاتیشدا بۆ خودی کورد دەگەڕێنێتەوە. ئەو دەڵێت لە ڕووی ستراتیژی و سیاسییەوە مافێکی رەوای وڵاتانی هاوپەیمان بوو کە ناوچە شکستخواردووەکان لە نێوان خۆیاندا دابەشبکەن کە ئەمەش لە جەنگدا شتێکی سروشتییە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی مێژوو لەو سەردەمەدا کورد لەبەرەی عوسمانییەکان و ئەڵمانییەکاندا بوو و دژی بەریتانی و رووسیاییەکان دەجەنگا. ئەو نموونەی شەڕی شوعەیبە باس دەکات بە سەرکردایەتیی (شێخ مەحموودی حەفید) لە باشووری کوردستان و، لە باکووریش ئاماژە بەوە دەکات کە عوسمانییەکان بە پاڵپشتی کوردەکان رۆڵی خراپیان بینی و کاتێکیش جەنگ بە کۆتا دەگات ئەوە شتێکی سروشتییە کە لایەنی دۆڕاو هیچی پێنەبڕێت.
(دکتۆر کەیوان ئازاد)، ئاماژە بە بنەماڵەی (هاشمی) مەککە دەکات کە بەهۆی ئەوەی کە پشتیوانییان لە بەریتانیا کرد لە جەنگی یەکەمی جیهانی چ دەستکەوتێکیان هەبوو و تەنانەت پاشایەتی کۆمەڵێک وڵاتی نوێیان پێ سپێردرا.
کوڕەکانی (حوسێن هاشمی)، کە بە شەریفی مەککە ناسراو بوون بە پشتیوانی بەریتانیا بوون بە پاشای وڵاتانی عێراق و ئوردن کە دوای جەنگ دامەزران، هاوکات، کوڕەگەورەکەی کە ناوی عەلی بوو پاشایەتی حیجازی کرد.
ئەو، دۆخی ئێستەی هەرێمی کوردستان بە دۆخی ئەوکات بەراورد دەکات و دەڵێت: کورد کە ئێستە دژی داعش دەجەنگێت و چووەتە پاڵ هاوپەیمانەکانەوە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ دەستکەوتی گەورەی دەبێت و لانی کەم بە کۆنفێدڕاڵی دەگات. (دکتۆر کەیوان ئازاد) دەڵێت: "دڵنیام دوای کۆتاییی جەنگی داعش، کورد بە سەربەخۆیی دەگات."




