شارەزایەكی سیاسی: پێویستە دەرفەتی سەربەخۆیی لە دەست نەدەین

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، لە ئێستادا گۆڕانكاری نوێ دروست بووە و هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە و كوردیش لە ڕووی سەربازییەوە یەكەمە لە عێراقدا، بۆیە پێویستە ناو ماڵی خۆیان رێك بخەنەوە و ئەو هەلە لە دەست نەدەن.
چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی (د. مووسا كەڤاڵ)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى: "كاتێك كە رێككەوتنی سایكس پیكۆ واژۆ كرا، كورد بووە قوربانیی چوار دەوڵەت، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانكاریەكی نوێ دروست بووە و هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، لە ئێستایشدا لە ڕووی هێزی سەربازییەوە كورد لە پلەی یەكەمدایە دوای هێزی ئاسمانی، بۆیە وڵاتان گرینگیی زۆر بەكورد دەدەن، بەڵام ئەوەی كە كێشەیە، كورد لە نێوخۆیدا لە هەر چوار پارچەی كوردستان كێشەی ناوخۆییان هەیە و یەك نین، ئەمەش خاڵێكی لاوازە، كە لە رابردوودا زیانی بە كورد گەیاندووە".
(كەڤاڵ) گوتیشی، كورد مادام لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە كاریگەریی خۆی هەبێت و كاراكتەری باش بێت، ئەوەی ناوخۆیی ئاسانە و دەتوانن چارەی بكەن و هەندێك سازش بۆ یەكتری بكەن و كێشە ناوخۆیەكانیان چارە بكەن".
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "(سەرۆك بارزانی) خاوەنی ئەزموونە و لە هەموو دنیادا رێزی لێ دەگیرێت، كە ئەمە چانسێكە بۆ كورد و پێویستە لە دەست نەدرێت، ئێستاش هەلێكی زێڕین بۆ كوردستان هاتووەتە پێش و پێویستە لە دەستی نەدەن".
بڵند ئیبراهیم




