"دهۆك باس لە هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ و دروستكردنى دەوڵەتی كوردستان دەكات"

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی زانكۆی دهۆك رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زانكۆی دهۆك لە وۆركشۆپێكدا باس لە دەوڵەتبوون و بە تایبەتیش دەوڵەتی كوردستانی، پاش تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، دەكرێت.
(د. موسڵیح دهۆكی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە زانكۆی دهۆك ئەمڕۆ دووشەممە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، وۆركشۆپێكمان هەیە، لەسەر دەوڵەتبوون و بە تایبەتیش دەوڵەتی كوردستان، پاش تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكس پیكۆدا، كە لەو وۆركشۆپەدا بە دەیان شارەزا و مامۆستای بیانی ئامادە دەبن و باس لە چۆنیەتیی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ و دەوڵەتی كوردستان دەكەن".
(دهۆكى) گوتیشی: "پێم وایە باشترین دەرفەت بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، بۆیە نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست خۆمان بدەین و دەبێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و دەوڵەتی كوردستان رابگەیێنین، چونكە ئەگەر ئێمە تەماشای حكوومەتی عێراق بكەین، ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەرەو لەناوچوون و نەمان دەچێت، بۆیە پێویستە كورد ئایندەی خۆی لەگەڵ حكوومەتێكی فاشیلی وەك عێراق دیاری بكات، تا خەباتی چەندان ساڵەی گەلی كورد بە فیڕۆ نەچێت".
رابین شێروانی




