٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم: مامۆستایان، پێشمەرگەی پەروەردە و فێركردنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە، ڕایدەگەیێنێت، گیانی خۆڕاگری و هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان لەم دۆخە هەستیار و سەختەدا، جێگەی ڕێز و پێزانینە كە وەك "پێشمەرگەی پەروەردە و فێركردن" بوونەتە سەرمەشقی خۆڕاگری و بنیاتنانی گەل و نیشتیمانەكەیان. 

ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:

بە بۆنەی پەنجاوچوارەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و لە ڕێگەی ئەویشەوە لە سەرجەم مامۆستایانی دڵسۆزی كوردستان دەكەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەری زیاتری خەباتی پیشەیی و مەدەنیی ئەم ڕێكخراوە لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایانی كوردستان و گەل و نیشتیمانەكەمان.

گیانی خۆڕاگری و هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان لەم دۆخە هەستیار و سەختەدا، جێگەی ڕێز و پێزانینە كە وەك "پێشمەرگەی پەروەردە و فێركردن" بوونەتە سەرمەشقی خۆڕاگری و بنیاتنانی گەل و نیشتیمانەكەیان.

ڕێكخراوەكەیشیان وەكو خۆیان ڕۆڵێكی پێشڕەوانە دەبینێ كاتێك هێزی جەهل و تاریكی بەرۆكی نیشتیمانەكەمانی گرتووە، ئەم ڕێكخراوە بە دروشمی "خوێندنی باش بۆ هەمووان"، دەیەوێ هەموو ناوەندەكانی پەروەردە و فێركردنمان بكرێنە چرای ئێستا و ئاییندەمان.

مایەی خۆشحاڵی و شانازییشە كە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان قۆناغی ڕێكخراوێكی لۆكاڵی تێپەڕاندووە و ئێستا بووەتە ڕێكخراوێكی جیهانی و خاوەن پێگەیەكی سەنگین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای هەموو كێشە و دژواریەكان، سوورە لەسەر بایەخدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندن، وەك هەستیارترین كەرتی پەیوەست بە بنیاتنانی نیشتیمان و مرۆڤ و ژیان، هەموو هەوڵێكیش دەدات بۆ دابینكردنی ژیان و گوزەرانێكی گونجاو بۆ مامۆستایان كە شیاو بە پێگە و ئەرك و ڕۆڵی پڕ بایەخیان بێت.

مامۆستایانی دڵسۆز،

ئێوەی خاوەن پەیامی پیرۆزی پەروەردە و فێركردن كە هەمیشە پێشەنگی كۆمەڵگەكەتانن، بە هەڵوێستی دڵسۆزانەتان سەلماندتان كە لە هەموو بارودۆخە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا نموونەی بەخشندەیین و سەرمەشقی خۆڕاگری و ئیرادەی بنیاتنانی ئەم گەلەن، بۆ مسۆگەركردنی ئێستایەكی پڕ شكۆ و دواڕۆژێكی پرشنگداریش بۆ نەوەكانمان.

دووبارە ئەم بۆنەیە لە سەرجەم مامۆستایانی كوردستان پیرۆز دەكەین.

بەرز و پیرۆزبێت پەنجاوچوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

١٥/٥/٢٠١٦

هەواڵی پەیوەندیدار