٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەروبوومی گەنم ملیۆنێك و 100 هەزار تۆن ده‌بێت.. وەرگرتنی وەكو پارساڵ دەبێت"

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، بۆ ئەمساڵیش پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان وەكو پارساڵ دەبێت و بەغدا دەیكڕێت. پێشبینییش دەكات لەبەر باشی و گونجاویی كەشوهەوای ئەمساڵ، گەنمی جووتیاران بگاتە زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار تۆن گەنمی خۆماڵی.
 
(بەشار مشیر گۆران)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ كڕینی گەنمی جووتیاران لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە تەنیا پێشنیاز كراوە و جارێك لەبەر قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو پارەیە دابین بكات، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا پسوولەی خۆراكمان سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقە، بۆیە ئەمساڵیش بەغدا گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت".
 
(گۆران) گوتیشی: "حەفتەی ڕابردوویش شاندێكی حكوومەتی ناوەندی كە پێك هاتبوون لە دوو بەڕێوەبەری گشتی سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمیان كرد و كۆ بوونەوە و هەندێك ناوی جووتیاران جێگای گومان بوو و لە ساڵی ڕابردوویش نزیكەی 912 هەزار تۆن لە هەرێمی كوردستان ڕادەستی سایلۆكان كرابوو و تێیدا حكوومەتی ناوەندی گومانی دەكرد كە هەمووی بەرهەمی ناوخۆی هەرێم بێت، دەیانگوت هەندێكیان لە دەرەوە هاتووە،  بۆیە حكوومەتی ناوەندی بۆ ئەمساڵ تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دەبێت گرێبەستی جووتیاران نوێ بكرێتەوە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقیشەوە پەسەند بكرێت، بۆیە چاوەڕێین لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا شاندێكی تری وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پەسەندكردنی ناوەكان كە ئامادە كراوە". 
 
دەشڵێت، بۆ ئەمساڵیش پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان وەكو پارساڵ دەبێت و پێشبینیش دەكەم لەبەر باشی و گونجاویی كەشوهەوای ئەمساڵ، گەنمی جووتیاران زیاتر بێت و بگاتە پتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار تۆن گەنمی خۆماڵی كە پارساڵ 912 هەزار تۆن بوو".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكال و سەرچاوەكانی ئاو، داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكات، داكۆكی بكات لە وەرگرتنی مستەحەقاتی هەرێمی كوردستان كە ماوەی دوو ساڵە جووتیاران پارەكانیان وەرنەگرتووە و كاریگەرییەكی زۆری كردووەتە سەر باری دارایی جووتیاران و زۆریان بەهۆی وەرنەگرتنی پارەكانیانەوە كێشەی كۆمەڵایەتییان بۆ دروست بووە، ئەگەر وایش بەردەوام بێت، جووتیاران لە ساڵی داهاتوودا ناتوانن گەنم بچێنن".
 
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار