هەرێمی كوردستان و ئێران فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دووپات دەكەنەوە

ههولێر-KDP.info- وەزیری ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دهڵێت، كە ئەوان گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن. سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستانیش جەختی كردهوه، هەرێمی كوردستان هەردەم ئامادەیە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر و تۆكمەتر بكات و، ئامادەیی خۆیشی دەربڕی كە ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14 - 5 - 2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (سەید د. مەحموود عەلەوی) وەزیری ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، باسیان لەوە كرد كە ئەوان گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە ئەو پەیوەندییانە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویییان هەیە و ئێران هەردەم هەرێمی كوردستانی بە دۆست و هۆكاری پەیوەندیی باش و ئارامی ناوچەكە دەزانێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە هەردەم پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە و، جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم ئامادەیە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر و تۆكمەتر بكات و، ئامادەیی خۆیشی دەربڕی كە ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەردوولا بیروبۆچوونیان لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرد.




