گەلی کوردستان ڕیفراندۆمیان دەوێ؛ سایكسپیکۆ بەسەر چوو

هەولێر-KDP.info- ڕیفراندۆم بووەتە پرسێکی گەرموگوڕ لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهانیشدا؛ وا ئێستا خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو شوێنێک داواکارن ڕیفراندۆمەکە بکرێت و گەلی کوردیش بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات؛ خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانیش لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆمکردنەکە دووپات دەکەنەوە و بە کاتێکی گونجاو و ھەلێکی زێڕینی دەزانن.
چاودێری سیاسی (زێدۆ باعدری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا کات گونجاو نەبووە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت و، گەلی کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات؛ نابێ ئەو دەرفەتە لەدەست بدەین. ئەو چاودێرەی سیاسەت گوتیشی، خۆزگە لە ھەموو شوێنێک بۆ ڕیفراندۆم خۆپیشاندان بکرایە؛ خۆی ناکۆکییەکەی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگ نیە و نابێتە بەربەست بۆ ڕیفراندۆم؛ گرنگ ئەوەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی گەل بیکات.
لای خۆشیەوە ڕۆژنامەنووس لە کەرکووک (ھەڵۆ جەباری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بە ڕای من دوای کۆتاییهاتنی سایکسپیکۆ دەوڵەتی کوردی ڕابگەیێندرێت ھەرچەندە پێشتر بۆ چەندین جار کورد خاوەن سەربەخۆیی خۆی بووە وەک میرنشینی سۆران لە ساڵی ١٨١٦ وەک مەملەکەتی کوردستان لە ساڵی ١٩٢٢ وەک ئارارات لە ساڵی ١٩٢٧ و پاشان کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦؛ جا خۆ کورد ئێستا لە جاران بەھێزترە و خاوەن قوربانیەکی زۆرە و بەدەر لەوەش پێشمەرگە شەڕی داعش دەکات و لە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە ڕیفراندۆم بکات تاوەکو سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیێنێت."
(شێرکۆ تەوفیق) لە خانەقینەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی من تێگەیشتووم بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ئارەزووی گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام چۆن ئێستا ھەڵمەتێک دەستی پێکردووە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم، ھەندێک لایەن کادیرەکانیان ھیچ ھەڵوێستێکیان نییە، ئەمەش حزبەکانیان بێدەنگن بۆیە بەو شێوەیەیە."
(شێرکۆ تەوفیق) گوتیشی، کاتی ئەوە ھاتووە ڕیفراندۆم بکرێت و پێش ئەوەی بکرێت پەیوەندی نێوان لایەنەکان ئارام بێتەوە و بێنە سەر ئەو قەناعەتەی ئیتر بەسە حزبایەتی و بیر لەو پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازە بکەینەوە."
ھەر لەمبارەیەوە (نارین بەراشی) لە ئامێدیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێستا کات زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت و خەڵکی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بگاتە مافەکانی کە بەسەدان ساڵە چاوەرێی ئەو ھەلە دەکات."
(بەراشی) ڕوونیشی کردەوە، پێویست بوو زووتر ڕیفراندۆم بکرایە، بەڵام ئێستاش زۆر کاتێکی گونجاوە، چونکە پارچەبوونی عێراق و ھاتنی داعش و گەڕانەوەی کورد لە بەغدا و هەڵوەشانەوەی سایکس پیکۆ ئەوەمان پێ دەڵێت، کە کاتی ڕیفراندۆمە و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین."
ھەر لەمبارەیەوە چاودێری سیاسی (عێزەدین شەمسەدین) لە سنووری قەزای بەردەڕەشەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "ڕێککەوتننامەی سایکسپیکۆ وا خەریکە سەدساڵ تەواو دەکات؛ سەد ساڵە کوردستان لەت کراوە بە درێژایی ئەو ماوەیە ملەتی کورد خەباتی کردووە و قوربانیی داوە و خوێنی خۆی ڕشتووە؛ ئەگەر ئاورێک لە ڕابردوو بدەینەوە سەیری ھەموو شۆرەشەکان بکەین ئامانجیان سرینەوەی ئاسەواری ئەورێککەوتنە بووە،بۆیە ئێستا زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی ھەنگاوی بھاوێژین وئەم دیوارە بروخێنین.
وتیشی، ئێستا کوردستان لەڕووی دیپلۆماسەوە گەیشتۆتە بەرزترین ئاست سەرکردایەتیی کورد و سەرۆک بارزانی وھێزی پێشمەرگە توانیویانە سەرنجی وڵاتانی زلھێز ڕابکێشن کە پشتگیری دەوڵەتی کوردی بکەن، بۆیە زۆر زەرورە ھەموو ھێزە سیاسیەکان پشتگیری سەرۆک بارزانی بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
(عێزەدین شەمسەدین) باسی لەوەش کرد، با ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدەین؛ ھەر ھێزێکی سیاسی کەمتەرخەم بێت ناوی بە ڕەشی دەچێتە مێژووەوە و دەکەوێتە بەرنەفرەتی جەماوەر. (شەمسەدین) ڕوونیشی کردەوە، کاتی ڕیفراندۆمە و کاتی ئەوە ھاتووە میلەتی کورد خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و پێویستە ھەرچی زووە کار بۆ ڕیفراندۆم بکرێت و من وەکو تاکێکی ئەم وڵاتە جگە لە سەربەخۆیی ھیچ ئامانجێکی دیکەم نییە و قوربانیشمان لەپێناوی داوە و خوێنمان بۆ ڕشتووە؛ ئامادەین خوێنی زیاتریش بدەین.
بڵند ئیبراھیم




