زەنیومەیڵ: کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.. سامانی نەوت سەرچاوەكهیەتی

زەنیومەیڵ-KDP.info- میدیایەکی بەریتانی، نەوت بە بناغەی ئابووریی هەرێمی کوردستان دادەنێت، لە بابەتێکی شیکاریدا، سایتی (زەنیومەیڵ)ی بەریتانی باس لە گرنگیی نەوتی کوردستان دەکات وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە گرنگیی پێگەی ناوچەکە لە جیهاندا نیشان داوە و ئارامیی ئێستای کوردستانی بۆ ئەو پێگەیە گەڕاندووەتەوە کە زەمینەی ڕەخساندووە بۆ دروستبوونی کەشی سەرمایەگوزاریی گەورە لە داهاتوودا.
بابەتەکەی (زەنیومەیڵ)، ئاماژە بەو پاڵپشتییە گەورەیەی ئابووریی کوردستان دەکات کە زۆربەی هەناردەی دەرەکی پێکدەهێنێت و بووە بە سەرچاوەی داهات بۆ بەشێکی زۆر لە کەرتی گشتی. "داھاتی نەوت ھەلی بۆ کوردستان ڕەخساندووە تا پێداویستیی خەڵکەکەی دەستەبەر بکات".
هەروەها نەوتی کوردستانی بە هۆکارێک داناوە بۆ بەستن و پتەوکردنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت تورکیا کە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کورستان دەتوانێت بازرگانیی نەوت بکات لە ڕێی ئەو وڵاتەوە، بەوەش پەیوەندییەکی بازرگانی هاتووەتە ئاراوە. بە شێوەیەک کە لە سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ تورکیا سەرۆک وەزیران (نێچیرڤان بارزانی) بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و بە گەیشتنی، ئاڵای کوردستانیان شەکاندەوە".
هەر لە بابەتی شیکاریی سایتە بەریتانییەکەدا هاتووە کە نەوت سەلماندوویەتی بابەتێکی سەرەکییە بۆ بەرگریی لە کوردستان، بەھۆی ئەو ڕۆڵەی کە ھەیەتی وایکردووە بیرە نەوتەکانی کوردستان شایستەی ئەوە بن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیانپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات و ھاوکار بووە تا ناونیشانی خۆی بەشێوەیەکی باش بە ناوی خۆیەوە بەرز بکاتەوە نەک وەک بەشێک لە عێراق. پێویستی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نەوت پلەیەکی داوە بە کوردستان لەسەر مێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەک لە پێشوودا نەبووە، ئەم دەنگە وا دەکات کە لە داهاتوودا پێگەی خۆی بونیاد بنێت".
لە کۆتایی بابەتەکەدا، (زەنیومەیڵ)، نەوت بە پێویستییەکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێت کە هەر دەستبەردانێک لێی، کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. دەنووسێت، کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، سامانی نەوتیش سەرچاوەیەکیەتی کە دەیبەستێتەوە بە جیهانی دەرەوە.




