داعش خانە نووستووەكانی لە ئەورووپا بڵاوە پێدەكات

سی.ئێن.ئێن-KDP.info- بەرپرسێكی باڵای هەواڵگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، داعش خانەی نووستووی لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا هەیە و بڵاوەیان پێدەكات.
بەپێی هەواڵیكی سی.ئێن.ئێن، (جەیمز كلاپەر) بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا، وێڕای ئاماژەدان بە بوونی شانەی نهێنیی داعش لە ئەورووپا، گوتی: "ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە هاوشێوەی بڕۆكسل كە تێیدا چەندین كردەوەی تیرۆیستیی ئەنجام درا، لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیایش شانەی نووستووی بۆ ئەو مەبەستە هەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەریان و ئاشكراكردنیان".
هەر لەو بارەیەوە، مێدیاكانی سوید بڵاویان كردەوە كە، حكوومەتی وڵاتەكەیان لەلایەن دەستگای هەواڵگریی عێراقەوە ئاگادار كراوەتەوە كە ژمارەیەك چەكداری داعش دزەیان كردووەتە ناو ئەو وڵاتە بە مەبەستی ئەنجامدانی كردەوەی خۆكوژی لە دژی ئامانجە مەدەنییەكان.
دەستگاكانی ئاساییشی ئەو وڵاتەیش وێڕای گرتنەبەڕی ڕێوشوێنی پێویست و بەدواداچوون بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان، داوایان لە هاووڵاتیان كردووە لە ژیانی ئاسایی خۆیان بەردەوام بن.




