٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە توركیا ئامادەكاریی كودەتا دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

رێكان سەباح

ساڵی 2013 ئۆجەلان زۆر لێزانانە و بە دونیابینیێكی پێشبینیكراو دەستی بۆ بابەتە هەستیارەكەی ناو پەكەكە بردوو، پەكەكەی بردە بەردەم تاقیی كردنەوەیەكی سەخت ئەویش دەستبەردان بوو لە چەك و خۆگونجاندن بوو لەگەڵ دۆخی جیاوازی توركیا، كە رێگای دەركەوتنی چارەسەری بۆ باكووری كوردستان و توركیاش لەو دونیابینییە، ئۆجەلان ئاراستە بوو، ئەو كاتە ئۆجەلان زۆر باش دەیزانی ناوچەكە لە گۆڕانكاریی قووڵدایە، ئەگەر زوو پێشی لێ نەگرێت پەكەكە بە تۆڕی ناهۆشیاریی سیاسییەوە دەبێت، چەكی پەكەكە لە باكووری كوردستان پاشەكشەیەكی بەهێز بە خەباتی دەكات، ئۆجەلان لەوە تێگەیشتبوو كە لە ساڵی  1993 روون بووەیەوە بۆی، كە چەكەكانی پەكەكە دەبێت لە دانوستاندنەكان دوور بخرێتەوە، تێگەیشتن لە دوورخستنەوەی چەك، بۆ ئۆجەلان لەوەوە دێت، كە چەندین جار ئۆجەلان هەوڵی داوە، هێزەكان لەناو باكووری كوردستان بگوازێتەوە قەندیل، باكووری كوردستان هەم لە چەكی پەكەكە، هەم میتۆدی شەڕ چەكداری لەو ناوچه‌یە لە دانوستاندنەكاندا كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام تا گیرانی ئۆجەلان ئەو هەوڵدانەی سەركەوتوو نەبوو، نموونەی ئەو شكستانەی ئۆجەلان لەو لایەنەوە زۆرە.

پەكەكە و پێشبینەكانی ئۆجەلان
پێشبینییەكانی ئۆجەلان مەترسیی پێوەنووساوی ئەو تۆڕە بوو كە لە توركیادا دەرفەتی پێوەدانێكی تری نەمابوو بە حكومەتەكەی ئەردۆگان، واتا بوونی تۆڕی دەوڵەتی قووڵ كە شەرعیەتی خۆی لە دەسەڵاتی عەسكەری وەردەگرت، چیتر نەیدەتوانی بە ئامرازی "پاراستنی كۆماری كەمالیزمی" ختووكەی رای گشتی بدات و، نەیدەتوانی جووڵە بە عەسكەر بكات، ئۆجەلان باش لەو هاتنە پێشەوەیی جالجالۆكە تێدەگەیشت و لەوەش تێدەگەیشت كە ئەگەر رای گشتیی توركیا بە تایبەتی كوردی باكووری كوردستان، لەو میتۆدە شەڕ بۆ تیۆری خەباتی مەدەنی نەگۆڕێت، پەكەكە بەو تۆڕە فرەوانەی كە هەیەتی لە رووی رێكخستنیەوە ناتوانێت لێی دەرچێت؛ بۆیە لێدەرچوونی خۆی بەرامبەر كرد بە لێدەرچوونی پەكەكە، لەو نێوەندەدا ئۆجەلان لێی دەرچوو، پەكەكە كەوتە ناو ئەو تۆڕەی دەوڵەتی قووڵ كە شەڕی كوردی كردە بیانوو بۆ لێدان لە قەڵای ئەردۆگان. ئێستا بە تەواوی دۆخەكە پێچەوانە بووه‌تەوە، لە دوو پارچەی كوردستان ئەقڵی پەكەكە واتا هەڵسوڕێنەر و ئاراستەی پەكەكە لەژێر ختوكەدانی دەوڵەتی قووڵدایە و هەرچەندە گەریلای راستەقینەی پەكەكە لە قەندیل سڕ كراوە، بەڵام لە جێگای گەریلای راستەقینەی پەكەكە، چەندین ئەلتەرناتیڤی تر وەك "شەڕڤان، یەكینەی پاراستنی سڤیل، یەبەشە" بوونەتە جێگرەوەی یەكینەی پاراستنی گەل هەپەگە" پرسیار ئەوەیە بۆچی هەپەگە سڕ كراوە؟!


جووڵاندنی سوپای توركیا
میتۆدی گۆڕینی شەڕی چەكداری بۆ پرۆسەی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە توركیا، تەنها بریارێك نەبوو كە ئێستا لە زاری هەندێك بەرپرسی پەكەكە بەر گوێی خەڵك دەدەن، كە ئۆجەلان لەژێر گوشاردایە، خۆیشی لەژێر گوتارێکی نەتەوەیی دادەپۆشێت کە نەک تەنھا نوقسانی فیکری لەو گوتارەدا گەڵالە دەبێت، بەڵكو میتۆدەکانی ئەم شێوە بیرکردنەوەیەش یان ئاراستەكردنەش وەجهی رووداوەكان ناگۆڕێت، بەڵکو هه‌رکەسێکیش لەو جۆرە لە گوتارە بڕوانێت تێدەگات پەكەكە لەئێستادا لە بۆشاییەكی بێوەڵامدایە، لە كاتێكدا لە هەموو كردارەكاندا تەماعی نووكی قەڵمرەوی تاو دەدات، ئەم گوتنەش سادەگۆیی لە دیتگای پەكەكەدا زاڵ دەكات كە سنووری بەرفرەوان لە كردنەوەی دەرگای گومان دەكاتەوە، بۆیە دەبێت لەژێر ئەو بۆچوونەدا رووی رووداوەكان وەك دەقیك بگوازینەوە بۆ پێش دەرچوونی بڕیاری چەك دانانی پەكەكە، كە ئەمەش لە یەكگرتنی نەیارانی كەمالیزم سەرچاوە دەگرێت، كە دەڵێین كەمالیزم مەبەستمان وەك ئەقڵی پاراستنی كۆماری تورك، قه‌بووڵنەكردنی نەتەوەی تر، واجیهەی خەباتی مەدەنی فەرز كردبوو بەسەر ئەكپارتی و پەكەكەدا، بۆیە ئەردۆگان و ئۆجەلان دەرفەتی ململانێی سیاسییان بە گۆڕەپانی سیاسی دا، ئەمەش گەڵالەی نەخشەڕێگای بارزانی بوو كە چەك لە گەنجی كورد و تورك بۆ خاڵی هاوبەش دوور بخەنەوە، دیارە خاڵی هاوبەش لەنێوان ئۆجەلان و ئەردۆگاندا، كە بووە هۆكاری قەناعەتی چەكدانانی پەكەكە، لە بارزانیدا بۆ ناو گۆڕەپانی توركیا گوازرایەوە، میتۆدی خەیاتی مەدەنی فەرز كردبوو، ئەمەش تەنها لە یەك رێگادا بوو كە نەگەڕانەوەی ئەقلی كەمالیزم بە تەعبیری دژایەتیی فرەنەتەوە له‌ توركیا بوو، بۆیە تاوناتاوێك ئەكپارتی لە زاری سەرۆكوەزیرانەوە، ئەوە دەدركێنێت "شەڕی ئێستا شەڕی كورد نییە" بەرگوێی خەڵك دەدات ئەمەش لەم سونگەیەوەیە بەدیلی ئەكپارتی لە توركیادا كێیە، ئەو شەڕە بۆ كێ دەكرێت، ئایا جگە لە ئەقڵی عەسكەرتاریەت وەكو سەرچاوەی هێزی بەدیل تروسكایەكی تر لە توركیادا بوونی هەیە لەئێستا، ئەمەشە دیوی ئەو شەڕە پەكەكە بۆ بابەتی نەتەوەی كورد لە توركیا دەگۆڕێت، كە پرسیار ئەوەیە ئەو شەڕە لە بنەرەتدا ناچێتە نێو شەڕی كەمالیستەكان لەگەڵ ئەردۆگان؟!.
ئەم گوتارە راستییەكی تێدایە كە بەردەوام پەكەكە دەخاتە بەردەم گومانی زیاتر، بۆیە پەكەكە شەڕی شارەكانی لەژێر ناوی یەكینەی پاراستی سڤیل دەخاتە بەردەم سەپاندنی چ هێڵێكی شتراتیژی كە پەكەكە تێیدا لەو شەڕە وەك دەسكەوت دەبەخشێت؟ ئایا مەبەست  جووڵاندنی سوپای توركیا بۆ باكووری كوردستان؟ ئەم مەبەستە لە كوێی ئامانجەكانی ئەو شەڕەدایە كە جارێكی تر سوپا بگەڕێنێتەوە ناو گۆڕه‌پانی توركیا؟!

كودەتا و حەزی بێویژدان
وتارەكانی ئەم دوو رۆژە خەونبینینێكی زۆر مەترسیداری نێو ئەو دونیا شەلەلی رۆشنبیریی ئێمەیە كە ڕێگری گەورەن لە بەردەم بینینی سادەترین پێدراوەکانی دونیای ئەمڕۆدا، ئەم جۆرە لە گوتارەیە كە بێ هیچ تێفكرینێك تاوی كودەتا و فو لە حەشوەی گوتارە نەتەوەییە حەماسییە بێفیکر و گشتگیرەی دەدات، بێ ئەوە ئەلتەرناتیڤی بۆ بچووكترین رووداویش هەبێت، تەنها فێری ئەوە كراوە قسە بكات بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە، بەدیلی شەڕی توركیا رێككەوتن بوو لەگەڵ حكوومەتی ئاكپارتی و چارەسەری راستەقینەش بوو بۆ بەر پێگرتنی دژایەتیی رۆژئاوای كوردستان لەلایه‌ن توركیا و ئەو جۆرە لە دیكتاتۆری و خوە تاكڕەویەی پەیەدەیە، بەڵام ئەمانە تەنها فێری ئەوە كراون، تەنها حەشوەی وتارێك زیاد بكەن كە جەماوەر بە ئەقلی دەمارگیر ئاراستەی ناو رووداوە ناوەخۆییەكانی باشووری كوردستان دەكەن، ئەو گوتارە لە دیتگایی رۆشەنبیرانی ئێمە ئەوەندە ناپڕژێتە سەر رووداوەكانی پاش كودەتا ئەگەر لەو خەیاڵدانە لەدایكیش بوو واتا كودەتا دروست بوو، ئایا باكووری كوردستان چی لێ دێت؟ ئایا پارچەیەكی گەورەی كوردستان جارێكی تر ناكەوێتەوە ژێر رەحمی هێزی بەدیلی ئاكپارتی كە نكۆڵی لە بوونی كورد دەكات و كورد بە نەوعێكی شاخی دەبینێت؟ تەواوی خەباتی كورد بە دەستووری لەقاڵبدراوی پڕ لە یاسای دژە فرەییەكانی توركیا كارا ناكرێتەوە جارێكی تر؟، بەسەر خەباتی سیاسی و مەدەنیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا ناسەپێت، جارێكی تر زیندانەكان پڕ نابنەوە لە سیاسەتمەدار و چالاكوانی مەدەنیی كورد لە توركیا، چونكە دونیای بەشێك لە رۆشنبیرانی ئێمە بە رقێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مێژوویی گیرۆدە بووە، پەی بە بوونی راستیی رووداوەكان ناكات و تەنها لەو دیوە دەیخوێنێتەوە، كە ئەگەر كۆدەتا دروست بێت لە توركیا پارتی دەشكێت، بێ ئەوەی بزانێت لە پاش رووداوی كودەتا لە توركیا كورد رووبەڕووی چی دەبێتەوە و ئەو دونیا ناڕۆشنە چی لە هەگبەدا دەبێت بۆ كورد لە باكووری كوردستان!!

هەواڵی پەیوەندیدار