نێچیرڤان بارزانی: نازانم چۆن وەسفی ئەو خۆشحاڵیەم بکەم.. درێژە بە پێكەوەژیانی ئایینیی و نەتەوەیی دەدەین

عەنكاوە-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداری یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحی لە كلێسای مارگورگیس لە عەنكاوە كرد.
(نێچیرڤان بارزانی) لە سەرەتای گوتەكانی ئاماژەی بە پێكەوەژیان ئاینی و پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "من کە هاتمە ژوورەوە بۆ پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە، شتێکی زۆر گرینگم بینى، ئەویش ئەو تابلۆ جوانە بوو کە ئێمە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بینیمان، کە مامۆستایانی ئایینی تەشریفیان هێناوە بۆ پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە براکانی خۆیان، من ئەوەندە خۆشحاڵ بووم کە نازانم چۆن وەسفی ئەو خۆشحاڵیەم بکەم".
لەبارەی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی: "هەر ئەم تابلۆ جوانە و ئەم پێکەوە ژیانەیە کە ئێمە لە کوردستان هەمانە و بووەتە هۆی ئەوەی هەموومان دەست لەناو دەست ئەم وڵاتە بەهی خۆمان بزانین. من زۆر دڵخۆش بووم بەوەی کە بینیم مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی دیکە هاتوون بۆ پیرۆزباییکردنی ئەم یادە و ئەم جەژنە لە برا مەسیحییەکانی خۆیان".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "ئەوەى جێی دڵخۆشی ئێمەیە ئەوەیە لە کوردستان بەوە جوان بووین کە پێکەوە ژیاوین، وە هەموویشمان ئەو رۆژەی کە ماڵوێرانی لە کوردستان هەبووە، کە گووندەکانی ئێمەیان تێکدا پرسیار لەسەر ئەوە نەبوو کە کام گوند مسوڵمانە و کام گووند مەسیحییە، بەڵكو هەم گوندی مەسیحییان تێکدا و هەم گوندی مسوڵمانیش. کەنیسەیشیان تێکدا و مزگەوتیشیان تێکدا".
(نێچیرڤانی بارزانی) ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەرێمی كوردستان بە چاوی كەمینە سەیری مەسیحییەكان ناكەن، "پێمانوایە ئەمان ریشەیەکی زۆر کۆنیان لەم وڵاتەدا هەیە".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "لەراستیدا لە ساڵی رابردوو و دوای هاتنی داعش مەسیحییەكان زۆر ئازاریان بینی، زۆر بەداخەوە بووین کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر دۆخی داراییمان نەیانتوانیووە وەک پێویست یارمەتیان بدەن لە هەرێمی کوردستان".




