هاوكاریكردنی ئاوارەكان بە كارتی زیرەك دەبێت

هەولێر-KDP.info- لەمەودوا لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بە سیستەمی كارتی زیرەك ئاوارەکان یارمەتی دەدرێن؛ ٣٣٧٧ خێزانە ئاوارەیش لە دەڤەری سۆران، كەلوپەلی زستانەیان بەسەردا دابەش كرا.
(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سیستەمەكە ڕێگر دەبێت لە خستنەبازاڕی كەلوپەلی ئاوارەكان و بەپێی پێویستی و وەرزەكانی ساڵیش ئاوارەكان سوودمەند دەبن، ئەمە ئەركی حكوومەت و ڕێكخراوەكانیش ئاسانتر دەكات."
ڕوونیشی كردەوە: "ئەو كارتە پێشتر هەبوو، ڕێژەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی دەڤەری سۆران وەریانگرتووە، كە بۆ ئەوە بوو هەر خێزانە ئاوارەیەک 400هەزار دیناریان پێ بدرێت، بەڵام بە داخەوە هیچ كات بڕیارەكانی وەزارەتی كۆچوكۆچبەرانی عێراق وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، کەچی وەزیرەكە كوردە و، گەندەڵییەكی زۆر لەو وەزارەتەدا هەیە."
(ئەمیر) دەیشڵێ: "ئێستا لە ڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە دەستمان بە دابەشكردنی نەوت بەسەر خێزانە ئاوارەكاندا كردووە؛ نزیكەی 800هەزار لیتر نەوتمان بۆ هاتووە؛ هەر خێزانێك و 200 لیتری پێ دەدرێت؛ دیارە زۆربەی ئاوارەكان نەوتیان وەرگرتووە، ئەوانەی ماویشن لەو ڕۆژانەدا وەریدەگرن، هەروەها ٣٣٧٧ كەلوپەلی زستانە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كراوە، ئەوەیش بووەتە جێگەی خۆشحاڵیی ئاوارەكان، كە ئێستا ئاوارەكانی دەڤەری سۆران زۆربەی پێداویستییەكانیان بۆ دابین كراوە و هیچ كێشەیان نییە."
سنووری شارۆچكەكانی سۆران، چۆمان، مێرگەسوور و ڕواندز، زیاتر لە 4هەزار خێزانەی ئاوارە لێیە، كە دەکاتە زیاتر لە 20هەزار كەس.
ڕابین شێروانی




