"دەمیرتاش و کلیچدارئۆغلو، دژی تورکیا و دۆستی دوژمنەکانمانن"

ئانكارا -KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داودئۆغلو) لە گوتارێکدا ڕەخنەی لە هاوسەرۆکی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش) گرت.
داودئۆغلو لە وتارەکەیدا باسی لە سەردانەکەی دەمیرتاش کرد و گوتی ئەوەی دەمیرتاش لە ڕووسیا کردی ئیهانەتێک بوو بە هەموو تورکیای کرد. بە گوێرەی گوتەی ئەو، تورکیا بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی کە هەر وڵاتێک ئاسمانی وڵاتێکی دیکە ببەزێنێت، بۆی هەیە فڕۆکەکە بەرداتە خوارەوە، بۆیە تورکیایش بۆ بەرزڕاگرتنی سەروەریی تورکیا فڕۆکە ڕووسەکەی بەرداوەتە خوارەوە.
داودئۆغلو گوتی: "دەمیرتاش دەچێتە ڕووسیا و لەوێ دەڵێت تورکیا هەڵە بووە فڕۆکەی ڕووسیای بەرداوەتە خوارەوە، ئەو پشتی لە وڵاتەکەی خۆی کرد و پشتی دوژمنی وڵاتەکەی گرت، ئەمەیش ئیهانەتە بە هەموو تورکیا".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی جەهەپە (کەمال کلیچدارئۆغلو)ـی کردە ئامانج و گوتی کاتێک ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا ناخۆش بوو، دەستی لەناو دەستی ئەسەد نا بۆ دژایەتیکردنی تورکیا، هەروەها کاتێک سیسی بە کودەتا هاتە سەر دەسەڵات و ئێمە دژی وەستاینەوە، ئەو چوو بۆ میسر و دژی تورکیا دەستی لەناو دەستی سیسی نا، دیارە ئەم پارتە ئۆپۆزسیۆنانە دژی تورکیان و دۆستی دوژمنەکانی تورکیان."
ئەو باسی لەوەیش کرد، کە فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا دێت تورکمانەکان و کوردەکان و عەرەبەکان بۆردومان دەکات و کۆمەڵکوژیان دەکات، بۆیە کاتێک دەمیرتاش پشتگیری لە ڕووسیا دەکات بەو مانایە دێت کە ئەو ئیهانەتی بە هەموو مرۆڤایەتی کردووە.
کارزان گلی




